ئەو کتێبەم هەر ئەمڕۆ کڕی، هەر لە چەند سەعاتێکدا هەموو شتێک ڕوویدا..گێڕانەوە هەمیشە کۆمەڵێک ڕەهەند لەخۆ دەگرێت، کۆمەڵێک جوانیی دەرەئاسا کە ڕەنگە ئەگەر لە ناوەڕاستی ڕووداوەکەدا بین نەتوانین تێبینییان بکەین.(بیر) وەک ئەوەی کاک ژیار هۆمەر وەریگێڕاوە بۆ کوردی، کۆمەڵێک ڕووداوی ئاساییە، دوای ئەوەش کە دەیخوێنیتەوە دڵنیایت لەوەی پێشووتر ڕووداوی لەوە سەرنجڕاکێشتر و باشتر و جوانتر و نائاساییترت خوێندووەتەوە و بگرە تێشیدا ژیاویت، بەڵام گێڕانەوە و تێدا ژیان دوو شتی جیاوازن و ڕەنگە ئێمە ئەگەر خاوەنی ئەو خەون و دیمەن و ڕووداوانە بووینایە نەمانتوانیبا هەمان هەست و بۆچوونمان هەبێت.سەرەڕای ئەوەی کتێبێکی نوێ نییە، بەڵام تەکنیکی گێڕانەوە تێیدا زۆر بەرز و بەهێزە، جۆرە گێڕانەوەیەک کە دەکرێ ناوی بنێین ڕێکەوت یان حاڵەت، چونکە زەحمەتە فەوزای لەو جۆرە زیاد لە جارێک لە قاڵب بدرێتەوە.بۆ کوردییەکی ئێجگار شیرین وەرگێڕدراوە، من لەوانەم زۆر حەزدەکەم هەموو شتێک بە کوردی تاقی بکەمەوە و زمان ڕۆچووەتە قوڵاییەکانی بیرکردنەوەمەوە و لەو باوەڕەدام کە ناتوانم لە دەرەوەی زمان مومارەسەی ئەو شتانە بکەم کە لەناو زماندا دەیانکەم. کوردییەکەی (بیر) تەواو خاوێنە و لەو لایەنەوە تەواو ئەرخەیانت دەکات، وات لێدەکات چێژێکی چڕ لەو ئاسایی بوونە جیاوازەی ڕۆمانەکە ببینیت و حەزت لێبێت جگەرەیەک بە یادی بێ جگەرەیی ئۆنێتی داگیرسێنیت.
السبت، 9 ديسمبر 2023
نامە نووسین
لە پێناو ئەو شتانەی کە گۆ ناکرێن
دووبارە خوڵقاندنەوە
بەروبومەکان لە پەپولە دەچن و
پەپولەکان لە بەروبوم دەچنکاتێک تۆ وێنەیان دەکێشیت...
کەواتە لێت دەپرسم:
بۆچی وێنەی تەواوی جیهان ناکێشیت، بۆ ئەوەی بتوانێت لە شتێک بچێت؟
زەڕافە بخەرە ناو دەفرێکەوە
ماسی لە باخچە دابنێ
چۆلەکەیەک و کەرکەدەنێک بخەرە ناو یەک قەفەزەوە
و باوەڕیش بەوە بکە کە یەکترییان خۆشدەوێت
چونکە تۆ ئەمەت بەهەمان ئەو کەللەڕەقییەوە دەوێت کە وات لێدەکات وایدابنێی خەو پشوویەکی ساختەیە
کاتێک وێنەی ڕووخسارم دەکێشیت
کەمێک ماندووێتی بخەرە سەر سیمام و
تاکە هێڵێکیش لەسەر ناوچەوانم
تا وایدابنێم لە ناوەڕاستەکانی تەمەنم دام نەک کۆتاییەکەی...
-بەسام حەجار
و: خەڵات
قسە
کاتێک کە قسە دەکەن
کەسیان تەماشای ڕووخساری ئەوەی دیکەیان ناکاتژنەکە لێواری قوماشەکە لەنێوان ئەژنۆکانیدا کۆدەکاتەوە
پیاوەکەش درێژە بە گفتوگۆکە دەدات وەک کەسێک کە بەسەختی شتێکی بیربکەوێتەوە...
ماڵەکە پاک بوو
جلەکانیش ڕێکوپێک بوون
سەردانیکەران تێبینی ئەو شادمانییەیان دەکرد و دەڕۆیشتن
شتەکان لە دەرەوە ئاسایی لە ڕووداندابوون
فرۆشیارەکان تێدەپەڕین و
کیژۆڵەکەش خەوتبوو
دەرگاکان کڵۆم درابوون و
کاتژمێرەکە لێیدەدا
کاتێکیش کە قسە دەکەن
کەسیان تەماشای ڕووخساری ئەوەی دیکەیان ناکات
ژنەکە لێواری قوماشەکە لەنێوان ئەژنۆکانیدا کۆدەکاتەوە
پیاوەکەش درێژە بە گفتوگۆکە دەدات وەک کەسێک کە بەسەختی شتێکی بیربکەوێتەوە...
-بەسام حەجار
و: خەڵات عەلی
بەشێك لە گفتوگۆی سوریالیستەكان
ئەم کتێبە گفتوگۆی کۆمەڵێک سوریالیستی بەناوبانگە لەسەر مەسەلەی سێکس، ئەزموونێکی گرنگ و تایبەتە و ڕچەشکێنیشە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سیاقە مێژووییەکەی (1928-1932)
برینا ڕەش
ڕەنگە ئەو کتێبە تاکە کتێب بێت کە من بە کوردی خوێندبێتمەوە و ئەو قسەیەی بۆرخێسی بیرهێنابمەوە کە دەڵێت: "زۆرتر لەوەی وەرگێڕان ناپاکی بێ لە بەرهەمی ڕەسەن، بەرهەمی ڕەسەن ناپاکییە لە وەرگێڕان".
دوو پیاو، دوو دنیا... یەك دونیابینی.
خالید موتڵەگ و عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا کە وەک ئێمە بوونیان لێناوەشێتەوە...
پارچەیەك
مەرگی مێژوونووس و جوانیناسی
(جمالیات القبح - جوانییەکانی ناشرینی) دەستەواژەیەکی هونەری ئەدەبییە، ڕەخنەی جوانی دەکات وەک چەمێکی سنووردار و جێگیر، بە کۆمەڵێک پێوەری چەقبەستووەوە کە دەرەوەی ڕووبەری بازنەی ئەو پێوەرانە ڕاستەوخۆ بازنەی دژە جوانیی یان ناشرینی دەست پێدەکات. وەک ئەمبێرتۆ ئیکۆ پێی وایە جوانی دەکەوێتە چوارچێوەی سنورێکی کێشراو، بەڵام سنوورەکانی ناشرینی کۆتاییان نییە، بۆیە ناشرینی ئاڵۆزتر و جۆراوجۆرترە.
هەڵبەت ئەو چەمکە هەر لە ئاستی جوانی و دژە جوانیدا ناوەستێت، بەڵکو ڕووبەڕووی ئەو دیوارە ئەستوورە وەهمییە دەبێتەوە کە لەنێوان جوانی و ناشرینیدا درووستکراوە و لەیەکیان جیادەکاتەوە وەک دوو بابەتی دژیەکی لێک جیاواز.چەمکەکە فراوانتریشە ئەگەر عەلی بەدر وەک نموونە وەرگرین کە (لە زۆرێک لە بەرهەمەکانیدا) بە ڕوونی کاری لەسەر ڕێژەیی کردنەوەی هەردوو چەمکەکە کردووە بە هەمان ئەندازە. دەکرێ لە ناشرینیدا جوانی هەبێت و لە جوانییشدا ناشرینی هەبێت. ئەو دوو چەمکە دانەبڕاوترین دوو چەمکن لە یەکەوە و هیچیان بێ ئەوەی تر بوونی نییە. هەمیشە عەلی بەدر کەسایەتییەکی هەیە کە بکوژە/کەسێکی داماڵراوە لە هەموو پێوەرەکانی ئەخلاق و جوانی، بەڵام مرۆڤێکی جوانە یان یەکێکی هەیە تەواو مەبدەئییە و بە پێی هەموو پێوەرەکان قبوڵکراوە، بەڵام ناشرین و نابووتە. ئەمە لە تەنیشت تابلۆکەی پیکاسۆ (کچەکەی بەردەم ئاوێنە) کە ئەویش نموونەی ئەو دەستەواژەیە و جوانی و ناشرینی هەم تێکەڵ دەکاتەوە و هەم ڕێژەییان دەکاتەوە بەوەی دەکرێ هەردووکیان لەوەی تردا دەرکەون.
خۆشبەختانە دواجار لە ئەدەبی کوردییشدا ئەزموونێکمان هەیە کە بەتەواوی هەموو ڕوویەکی ئەو چەمکەی نماییش کردووە لە زیاتر لە نموونە/کەسایەتییەکدا. ئەم کتێبە جنێو و درۆ بەو نموونەیە وەردەگرێت کە دەکرێ بە دوو ئاراستەی جیاوازدا بڕۆن و لە خاڵێکدا بەتەواوی لە هەردوو جەمسەردا بتوێنەوە.
"دەبێت بڕوامان بە زۆر شت هەبێت، هەندێک جار درۆ جۆرێکە لە ڕاستی"
کامیار، لە زیاد لە وێستگەیەکی ژیانی درۆ تێکەڵی ڕاستی دەکات، کە هەندێکجار درۆکانی بەشێکیشن لە ڕاستی و هەندێکجار هەر بەتەواوی ڕاستین.
خەلیلی مێوژفرۆشیش چێژ لەوە دەبینێ خەڵک جنێوی پێبدەن، چونکە پێی وایە مرۆڤ دەبێ جنێوبدات بۆ ئەوەی ڕووە ناشرینەکەی خۆی بناسێت.
دواجار دەکرێ لەگەڵ ڤانکوخ هاوڕا بین کە دەڵێت: "تایبەتمەندیگەلێک لە شتە ناشرینەکاندایە کە نایاندۆزینەوە لەناو شتە جوانەکاندا" لەبەرئەوەی ناشرینی تەنیا دیاردە یان جوزئیەتێک نییە، بەڵکو نیوەی دووەمی پەیدابوونی هەموو شتێکە.
لەگەڵ ئەمجەد ناسڕ، قاوەیەك...
بە تەنیا دانیشتبووم، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر شیعرێکی ئەمجەد ناسڕم خوێندبوویەوە لەبارەی ئەوانەی بەتەنیا لە قاوەخانەیەکدا دادەنیشن. چێژم لەوە دەبینی ئەگەر قەسیدەی (انا و جمیل بثينة) بكەینە شانۆگەرییەک بە پێی بارودۆخەکە من ڕۆڵی مەحموود دەروێشم بەردەکەوێت و لە شوێنی خۆمەوە دەتوانم بڵێم: (انا و امجد ناصر كل علی حدة في زمانين مختلفين)...
ئەمجەد لە قەسیدەیەکیدا دەڵێت:"تەنیا نیم لەبەر ئەوەی قسە لەگەڵ خۆمدا دەکەم...
تەنیا نیم لەبەر ئەوەی به دەنگێکی بەرز قاوەکەم دەخۆمەوە!"
قەسیدەکەی مەحموود دەروێش بۆ جەمیل بووسەینە و سێبەری زاڵی ئەمجەد ناسڕ بەسەر من و شوێنەکە واملێدەکەن زەردەخەنەیەکی هاوسۆزی بکەوێتە سەر لێوم لە کاتێکدا بێ ویستی خۆم چاوم لەسەر گارسۆنەکەیە...
بەپەلە دێت و بە زمانەکەی ئەوان لێم دەپرسێت: هیچت ناوێت؟
بە دەنگێکی دوور و نائامادە دەڵێم: ناا.... ببوورە، تەنیا پاسوۆردی ئەنتەرنێتەکە.
دێمەوە سەر قەسیدەیەک، قەسیدەیەک کە چیرۆک بووه پێش ئەوەی ببێتە قەسیدە:
"ڕۆژێک ئەمجەد ناسڕ لە قاوەخانەیەکدا دەیەوێت قەسیدەیەک بنووسێت، لەناکاو دەبینێت کچێک بەرەو لای دێت و لەسەر مێزەکەی دادەنیشێت. کتێبەکانی لەسەر مێزەکە دادەنێت و جانتاکەشی لەسەر زەوی. دەیەوێت شتێک بڵێت و نایڵێت. ئەمجەدیش دەیەوێت شتێک بڵێت و نایڵێت.
قەڵەمەکەی ئەمجەد دەکەوێتە سەر زەوی، کە هەڵیدەگرێتەوە و سەر بەرز دەکاتەوە کچەکە ونبووە.
لە دیوارەکەی بەردەمیشیدا ڕیکلامێکی گەورەی کچێک دەبینێت کە بەتەنیا دانیشتووە و جگەرە دەکێشێت و قاوە دەخواتەوە و بە لاچاوێکەوە سەیری قاوەخانەکە دەکات..."
جارێکی تر ئەمە دەخوێنمەوە و بەدوای ئەمجەد ناسڕدا دەگەڕێم...
و نایدۆزمەوە چونکە من و ئەمجەد ناسڕ هەریەکەمان لە زەمەنێکی جیاوازداین....
یاس خزر لە خەیاڵی خێزانیماندا
تازە دەچوومە قوتابخانە و فێری لێکدانی پیتەکان و خوێندنەوەی وشە ببووم، حەزم لێبوو لەگەڵ باوکم بڕۆم بۆ هەموو شوێنێک بۆ ئەوەی لە جامی سەیارەکەوە تابلۆی سەر دوکان و خواردنگە و چایخانەکانی سەر ڕێگا بخوێنمەوە. باوکم سەیارەیەکی ڕەساسی جوانی هەبوو، بەتەواوی لەبەرچاومە بە هەموو وردەکارییەکانییەوە. ئەوکات تاکە شت کە سەرسامی بووم باوکم و شتەکانی بوون.
کاسێتێکی سەوزیشی هەبوو، ئەو کاسێتەی گۆرانییەکانی یاس خزری تێدابوو. شەوان لە موسەجەلی سەیارەکە دایدەگیرساند و گوێی لێدەگرت، بە ڕۆژیش لەو لایتی شەحنەی کە لە هەمان کاتدا ڕادیۆ و موسەجەلیش بوو.ئێستا لە مۆبایلەکەیەوە باوکم هەواڵی تەندرووستیی خراپی یاس خزر دەخوێنێتەوە، بۆ من یان بۆ خۆی نازانم. لەبەر خۆیەوە دەڵێت: ئااای دنیا...
یادگارییەکانی هەردووکمان وەک برووسکە دێنەوە خەیاڵمان، ئەو یادگارییانەی حەزمان لێی بێ یان نا ئازارمان دەدەن.
بیرم دەچێتەوە دوێنێ زۆر توڕەبووم لێی و چەند جارێک ویستبووی گفتوگۆم لەگەڵ بکات و لە کورتی بڕاندبوومەوە، پرسیم: بابە، تۆ چۆن یەکەمجار یاس خزرت ناسی؟
ڕووی دەکاتە من و دەڵێت: لەگەڵ خاڵە ---- دەچووین بۆ بەغدا، لە ڕێگا....
تەلەفۆنێکی بۆ دێت و وەڵام دەداتەوە. هەڵدەستێت دەڕوات...
خۆم چیرۆکەکە تەواو دەکەم:
باوکم بە کراسێکی سپی و قژێکی درێژی داهێنراوەوە کە لە ڕوشدی ئەبازە دەچێت، لە ناو سەیارەیەکی مۆدێل کۆندا لە تەنیشت شۆفێرەکە دانیشتووە و بەدوای گۆرانییەکی باشدا دەگەڕێت کە هاوەڵییان بکات بۆ سەفەرێکی درێژ...
کەناڵێک دەکاتەوە و دەنگێکی خۆشی گوێ لێدەبێت، نازانێت کێیە تەنیا دەزانێت دەنگێکی خۆشە..
بەبێ ئەوەی گۆرانییەکە بزانێت، وەک ئەوەی یەکێک بە نهێنی پێی گوتبێت (إقرأ) گۆرانییەکە دەڵێتەوە:
"ولو تزعل ولو ادري
العتاب يعذب الخاطر
لکن لا ماخلي
الخصام يدوم للاخر"
باوکم، کە جوانترین پیاوی سەر زەوییە گۆرانی دەڵێت و دەستی دەخاتە سەر دڵی و دەزانێت ڕۆژێک یەکێک زیاد لەوەی پێی وایە لە ئەو دەچێت و لەگەڵ هەموو لێدانێکی دڵی یادەوەرییەکانی ئەو هەڵدەهێنێتەوە...
بەدزییەوە گریان!
لە توێژینەوەیەکدا خوێندبوویەوە: بۆ ئەوەی بەر بە گریان بگریت دەبێ ئازار بە شوێنێکت بگەیەنیت. لێوی دەگەزی و قسەی دەکرد: نەخێر من زۆرباشم. بۆچی پێت وایە خراپم؟
چاوەکانی دەبریسکانەوە، دەستەکانی بردبووە دواوە و نینۆکی دەستێکیانی لە مەچەکی دەستەکەی دیکەیدا چەقاندبوو، فرمێسکەکانی هاتبوونە گۆشەی چاوی... تیک تاک، تیک تاک و.... دەڕژان!پێدەکەنی و بە دەنگێکی خنکاوەوە دەیگوت: "نا وانییە، من شێوەی دەموچاوم هەروایە هههه زۆرجار هاوکارەکانیشم پێم دەڵێن تۆ خەریکی دەگریت! وابووایە وەک ئادەم هەمووتانم لە فرمێسکی خۆمدا غەرق دەکرد ههههه چەند هەزەلییە.
دەزانی دایکم دەڵێ چی؟ دەڵێ شێوەت لە شێوەی داپیرەت دەچێ ئەویش هەر دەتگوت دوو گۆزە لە پشت گلێنەکانییەوەن و هەر سەری شۆڕکردبایەوە گۆزەکانی دەڕژان هههه ئەیچۆن من لە داپیرەم دەچم، دایکی باوکم کە ماوەیەک لە ڕۆژهەڵات ژیابوو، کە هاتبۆوە لێرە پێیان دەتگوت: خانمی ئەسرین ڕێژ. هههه بەڵێ ئەوەندە دەگریا، من نەمدیبوو بەڵام دەڵێن بتدیبایە هەر بە گریانەوە دەتبینی..."
فرمێسکەکانی بەسەر ڕوومەتە سپیکەڵانەکەیدا دەهاتنە خوارەوە، درۆی دەکرد شێوەی وانەبوو. تەواو بە پێچەوانەوە هەر لە خۆری سەر لە بەیانی دەچوو ئەوەندە گەش و ئەوەندە گەرم.. بەڵام دواجار شتێک لە پشتی ئەو فرمێسکانەوە بوو کە وەک پرێسکە کۆنەکەی داپیرەی لەژێر ئەم نوێن بۆ ژێر ئەو نوێن هەڵیدەگرت و دەیشاردەوە.
لێوەکانی وشک ببوون، پێستی بەشی ناوەوەی لێوی هەڵیدابوو و لە کاتی قسەکردندا بە ڕوونی دەردەکەوت. کە فرمێسکەکانی بەسەردا دەکەوتن وەک گەڵای پایزان دەنووسایەوە بە چۆڵەوانیی لێوی.
چاوە نیمچە سەوزەکانی، تەڕ و سوور. بە خێرایی دەیسڕی و دەیگوت:
"ئەوە چیتە؟! بێگومان ناگریم. ئێێێهـ تۆش! ماندوویت بۆیە دەنگی من وا دەبیستی. هههه جا واش بێت، کێشەت چییە؟ هههه مرۆڤ ئەوپەڕی بژی هەر پەنجا ساڵێک دەژی، نیوەمان بڕیووە و نیوەکەی تریش ئەگەر هەر نەمانبڕی، کورتی دەکەینەوە...ئائا هەر هێندەیە هههه..."













