‏إظهار الرسائل ذات التسميات وەرگێڕان (عەرەبی بۆ كوردی). إظهار كافة الرسائل
‏إظهار الرسائل ذات التسميات وەرگێڕان (عەرەبی بۆ كوردی). إظهار كافة الرسائل

الجمعة، 15 ديسمبر 2023

دەق لە نێوان "مەرگی نووسەر" و زیندووبوونەوەی.

 

 


وتەی مەرگی نووسەر یەکەمجار لە وتارێکی ڕەخنەگر و بیرمەندی فەڕەنسی ڕۆڵان بارت (1910-1980) دەرکەوت بە ناوی "مەرگی نووسەر"  کە لە ساڵی 1968 بڵاویکردەوە. كە لەسەر بنەمای ونبوونی نووسەر لە کاتی ئامادەبوونی دەق بونیادنراوە.

لەبەر ئەوەی دەکرێ -وەک بارت پێی وایە- لە ڕێی چوارچێوە و ناوەڕۆکی دەقەکە یان لەسەر پێکهاتەی زمانەوانی لە وشه و ڕستە و دەنگ و ئاواز و پێکهاتە، لە دەقەکە تێبگەین و شیی بکەینەوە. پێویست بە زانینی چوارچێوەی دەرەکی وەک مێژوو و ژیاننامەی نووسەر و دۆزەرەوەی دەقەکە و دۆخەکەی ناکات.

ڕۆڵان بارت دەڵێت:

"ئەوەی کە قسە دەکات زمانە، نەک نووسەر" ئەوەش لە وتەیەکی "مالارمێ"ـی شاعیری فەڕەنسی نزیک دەبێتەوە، کە دەڵێ:

"ئێمە دێرە شیعر بە فیکر نا، بەڵکو بە وشە درووسن دەکەین"

لە کاتی ونبوونی نووسەر، تێکست دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی خوێنەر. هەر ئەویشە کە لە ڕێی ڕێنوێنییە زمانەوانییە بەکارهاتووەکان بڕیار لەسەر واتاکەی دەدات وەک ئەوەی وەک بەرهەمهێنەرێک پڕۆسەی نووسینی دەق دووبارە بکاتەوە نەک وەک بەکاربەرێک، ئەو تێگەیشتنە لە پەیوەندی نێوان خوێنەر و دەق بنەڕەتێکی پۆست ستڕاکچەلیزمە، بنەڕەتێکیشە بۆ میتۆدی لێکهەڵوەشانەوە کە لەلایەن فەیلەسوفی فەڕەنسی جاک دریدا پەرەی پێدرا.

ئەگەر تەماشای وتەکەی بارت بکەین کە دەڵێ:

"نووسەر باوکی شەرعی تێکست نییە" دەبینین دەمانبات بۆ دەقگەرایی و نێواندەقیێتی، دەقگەراییش بە واتای ئەوە دێت کە دەق یان نووسین هەموو شتێکە، هەموو دونیا تەنیا دەقە.

بەڵام نێواندەقیێتی وای بۆ دەچێ کە هیچ دەقێکی ڕەسەن بوونی نییە و هەموو دەقێک دووبارە بونیادناوەی دەقەکانی پێشووترە، ئەگەر نووسەر هەستی پێبکات یان نا.

لە ئەنجامدا دەگەینە ئەو بڕوایەی کە هیچ نووسەرێک بوونی نییە، هیچ ڕەسەنییەتیەکیش، هەروەها هیچ داهێنانێکیش.

لەوانەیە ڕاگەیاندنی بارت بۆ ونبوونی نووسەر یان مردنی، بێ هیچ پاساو و لێکدانەوەیەک بێ. بەهەر جۆرێک بێ ناکرێ نووسەر تێبپەڕێندرێت. یان ئەو ناوەڕۆکە ئابووری و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی کە دەوری دەقەکە دەدات هەڵبوەشێنرێتەوە. پاشان گریمانەی مردنی نووسەر گرێدانی دەروونی و مەعریفی لە نێوان لایەنه پڕاکتیکییە داهێنەرەکان دەپچڕێنێت کە دەوەستێتە سەر نووسەر و خوێنەر و دەق.

زانینی ئەو بارودۆخانەی کە دەوری دەقیان داوە یارمەتی بە وردی تێگەیشتن و شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی دەقەکە دەدات. چونکە ئەدیب هەمیشه چەندین لایەنی ژیانی لە کارەکانیدا بەکاردەهێنێت. بۆ نموونە زانیاریمان دەربارەی ژیانی ڕۆماننووسی ئینگلیزی ڤێرجینیا وۆڵف (1941-1882) وامان لێدەکات قوڵتر لە ڕۆمانی "بەرەو منارەکە" تێبگەین، کەسایەتی خاتوو ڕامسی کە ڕۆمانەکەی لەسەر بنیات نراوە، کەسایەتییەکی ناسکە، كە زیندووێتی و میهرەبانی لێ دەتکێ و لە ناوەڕاستی تەمەنیدا دەمرێت و بە مردنی ئەو ڕۆمانەکە کۆتایی دێت و ڕووناکی منارەکەش دەکوژێتەوە. کاتێک ڤێرجینیا وۆڵف ژیاننامەکەی خۆی بڵاو کردەوە دەرکەوت کە خاتوو ڕامسی وێنەیەکە لە دایکی کە ئەویش لە ناوەڕاستی تەمەنیدا دەمرێت. نووسەر لێرەدا ئەزموونی خۆی لەگەڵ دایکی دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەوەش بەو واتایە دێت کە توێژینەوە لە ژیانی ئەدیب وامان لێدەکات لەبارەی ئەدەبەکەیەوە زۆرتر بزانین و بە باشترین شێوە له کلتوورەکەی تێبگەین.

بیرم دێتەوە لە کاتی توێژینەوەم دەربارەی ڕۆمانی (پێکەنین) ـی غالب هەلسا، توێژینەوەی مامۆستایەکی زانکۆم دۆزییەوە کە لە گۆڤاری "دادگا" بڵاوکرابوویەوە، کە باسی ئەوەی کردبوو ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە دەربارەی کارەساتەکەی 1967ـە٭ و پشتی بە مێژووی چاپکردنی ڕۆمانەکە لە ساڵی 1970 بەستبوو وەک لەسەر بەرگەکەدا نوسرابوو. بەڵام لە ڕاستیدا غالب لە ساڵی 1966، واتا ساڵێک پێش کارەساتەکە ڕۆمانەکەی نوسیبوو. لە چاوپێکەوتنێکیشدا کە لە کۆتایی ڕۆمانی "پرسیار"ـدا داینابوو باسی لەو بارودۆخە کردبوو کە لە کاتی نوسینی ڕۆمانی "پێکەنین"ـدا پێیدا تێپەڕ ببوو.

بێگومان کە ئەو هەڵەیە وایکرد ڕوونکردنەوە و تێگەیشتن و ئەو ئەنجامانەی کە توێژەر پێی دەگات ڕاست نەبێت. دەکرا پێشی پێ بگیرێ ئەگەر بیڕوانیبایە ژیانی نووسەر.

سەیر نییە کە دەبینین تیۆری ڕەخنەیی لە ڕۆژئاوا بەرەو لێکدانەوە دەچێ، هەروەها وەرگرتن و خوێندنەوەی تیۆرەکان و شەپۆڵەکانی وەک: نیوهیستۆریزم و پۆست کۆلۆنیالیزم و ڕەخنەی ڕۆشنبیرییش(kulturkritik). ئەوە دوای ئەوەی لەکۆتایی شەستەکان ئەستێرەی بزوتنەوەی پۆست ستڕاکچەلیزم ئاوابوو و دوای ئەوەی لە کۆتایی هەشتاکان میتۆدی لێکهەڵوەشانەوە پاشەکشەی کرد. هەر بەو ئاراستەیە دەگەڕێنەوە بۆ گرنگی دان بە توخمە چالاکەکانی ئەدەب و ڕەخنە، لە سەرووی ئەوانیشەوە نووسەر.

بە کورتی، نووسەر وەک خۆی پەخشکەری ژیانە لە هەموو پڕۆسە داهێنەرانەکان ناکرێ دەستی لێ هەڵبگیرێ بۆ تێگەیشتن و ڕوونکردنەوەی دەق، لەگەڵ ئامادەبوونی دەقیشدا نووسەر لە بەرزاییەکدا دەوەستێت لەبەردەم وەرگر، ئەگەر وەرگر خوێنەر بێت یان ڕەخنەر.

 

 

٭جەنگی 1967: لە سوریا و ئوردون و میسڕ بە (کارەساتی 1967) و لە ئیسڕائیل بە ناوی (جەنگی شەش ڕۆژە) دەناسرێت. ئەو جەنگە بوو کە لە نێوان ئیسڕائیل لە بەرەیەک و عێڕاق و میسڕ و سوریا و ئوردن لە بەرەکەی دیکەوە ڕوویدا، کە لە ئەنجامدا ئیسرائیل بیابانی سینا و کەرتی غەززە و جۆلانی داگیرکرد و نزیکەی 15000 کەس تێیدا بوونە قوربانی.



دکتۆر محەمەد قەواسیمە

لە عەرەبییەوە: خەڵات عەلی

 


الأحد، 10 ديسمبر 2023

شكست

 له وانەی نیگارکێشان، قەت سەرکەوتوو نەبووم لە دانانی تۆپەڵە خۆرەکە لەناوەڕاستی کاغەزەکە...

هەمیشە لە گۆشەیەکدا دامدەنا...
لەوانەیە ئەوە هەمیشە تەفسیری ڕۆژئاوابوون بکات،
لە دڵمدا...

ئێمەی منداڵان چاوشارکێمان دەکرد،
هیچ ڕۆژێک سەرکەوتوو نەبووم،
لە خۆشاردنەوە.

هەتا ئێستا، هەرکاتێک بمەوێ دڵم لە پشتم بشارمەوە،
ڕووخسارم ئابڕووم دەبات...

دایكم دەیویست ببمە ڕاگەیاندکار،
لە سەرەتادا شکستم هێنا،
لە گەڕان بەدوای هەواڵی دراوسێکان..
پاشان شکستم هێنا لە کێشانی ئایلاینەر..
و بەدەستهێنانی گۆشەی باش بۆ وێنەگرتن،
وەک چۆن به توندییش
شکستم هێنا لە کۆکردنەوەی دەستم لەکاتی قسەکردن...
وام لێهات هەرکات نزیک ببوومایەوە لە تەلەڤزیۆن
بۆ داگیرساندنی،
ڕووخساری دایکمی تێدا دەردەکەوت.

باوکم باوەڕی بە شیعر نییە،
دەڵێت: کچێ شیعر یەک پارچە نانت ناداتێ.
باوکم نازانێت،
ئەوەندە بەسە کە خوێ لە فرمێسکی چاوم جیا بکەمەوە و قەسیدەیەک بڕژێت.


سیلیا عیساوی
و: خەڵات عەلی


سڵاو لە تۆ ئەی ئەو کەسەی ڕقت لە دەستماچکردنە

 کاتژمێرێکی دەستیی کردە دیاریم،

پاش چەند ڕۆژێکی کەم شکا
تەنیا سندووقەکەی مایەوە
هەموو جارێک کە چاوم دەکەوێتە سەر سندووقەکەی
خۆم لەناو گریانێکی منداڵانەدا دەدۆزمەوە
بۆ کاتژمێرەکە نا،
بەڵکوو بۆ ئەو کاتەی کە دەمکوژێت دوای ڕۆیشتنی ئەو.
٭ ٭ ٭

 

‌‌سڵاو لە تۆ، ئەی ئەو کەسەی ڕقت لە دەستماچکردنە
دوای تۆ، هەموو ڕۆژێک دەستی قەدەر ماچ دەکەم
کە بە یەکەوە کۆمان بکاتەوە ئەگەر یەک جاریش بێت.
٭ ٭ ٭

 

کۆترێکی زیوینی لە ملدایە،
هەموو جارێک کە دەیبینم
پێناسەیەکی ئاشکرام بۆ ئاشتی دەبێت.
٭ ٭ ٭

 

لە گۆشەیەک، لە ئاسماندا
فریشتەیەک دەگری
بە شێوەیەک که سەرنجم بەرەو بەزەیی کێش دەکات
چونکە خۆشەویستەکەی کە لە ڕەگەزی مرۆڤە ناپاکیی لەگەڵ کردووە
لەگەڵ هۆزانڤانێک کە هەموو قەسیدەکانی لە هاوڕێکەی دەدزێت.
٭ ٭ ٭

 

خۆزگەم دەخواست کە لەبەر دەرگەی کەنیسەیەک بەجێیان هێشتبام و هەڵاتبان
لە تاو سەرما دەمردم، کێشە نییە
لانیکەم گەورە نەدەبووم کە لە تاو “ترس” بمرم.
٭ ٭ ٭

 

ئەوەی هەستی ترسم لە هەستی خۆشەویستی جیا دەکاتەوە
ئەو شەقامەیە کە ماڵەکەتانی لێیە.
٭ ٭ ٭

 

قژە کورتەکەی
ناچارم دەکات زەردەخەنە بکەم
ئەو زۆر لە چیرۆکێکی کورتی مارکیز دەچێت.
٭ ٭ ٭

 

دیداری ئەوجارەمان ئاسایی نەبوو،
پڕۆمۆیەک بوو بۆ کۆتاییهاتنی جیهان.
٭ ٭ ٭

 

کاتێک بە باشی گوزارشت لەوە ناکەم کە لە ناخمدایە
دەڵێم “دەترسم”.
من شایستەی خەڵاتی خراپترین وشەی دووبارەبووەوەم.
٭ ٭ ٭

 

هەستم بە سەختیی قۆناغەکانی داگیرکردن نەکرد،
تەنیا ئەو کاتەی لە باوەشم گرتی و نەمتوانی بەرەو ناخی خۆمت ڕابکێشم.
٭ ٭ ٭

 

لە چێشتخانەکە دەرچووین.
گارسۆنەکە هات و دەستی کرد بە پاککردنەوەی مێزەکەمان
لە خوێنی قسە بریندارکەرەکان و فرمێسکە شاراوەکان.
٭ ٭ ٭

 

کاتێک دەستی دەگرم،
نامەیەک بۆ چارەنووس دەنێرم
کە ناونیشانەکەی “من براوەم”ــە.


ئەحمەد ئەبو شەكیان

و: خەڵات عەلی



كراس

 هەموو شەوێک بەتەنیایی بەسەر دەبەم

گوێ لە گۆرانی (Broken Vow) دەگرم بە دەنگی لارا فابیان و بۆنی کراسەکەت دەکەم.
چۆن دەکرێ بۆنت دوای ئەو هەموو ساڵە بە کراسەکەتەوە مابێتەوە
لوتم هەموو ئەو بۆنەی بەوەوە هەڵواسرابوو هەڵیمژی وەک ئەوەی هەنگێک بێ و شیلە بمژێ.
نەفرەت لە بۆنەکەت.. نەفرەت لە (ڕۆبەرتۆ کاڤاڵی)
وا دیارە کە من به یادگەم بۆنم کردووی نەک بە لووتم!
چەند ئاواتەخواز بووم من کراسێکت بوومایە بۆ ئەوەی لەبەرم بکەیت و هەمیشە بەر جەستەت بکەوتبام.
وا دیاریشە کە کراسێکت بووم بە بێ قۆپچە
هەر بۆیە کاتێک داتکەندم، لەت و پەت بووم وەک پاشماوە.


نێرڤانا ڕازی
و: خەڵات


نامۆ لە هەمووان

 من سەماکەرێکی شپرزەم،

لە پێناوی تۆ لەو کەوتنە هەستامەوە...

لە قوتویەکی ماسی سەردین، کە لە مەغریب دروست کراوە
من سەری بیبەرێکی تیژم،
هەر کەسێک لە ڕۆژهەڵات کە قوتوەکە دەکاتەوە، فڕێم دەدات.
لە پاسێکی قەرەباڵغدا،
من ئەو سەرنشینەم کە لە ترساندا دەلەرزێت،
لە کاتی سەرکەوتنی چاودێرەکە.
لە پاکەتێک شقارتەی تەڕدا،
من تاکە دەنکێکی وشکم.
لە كاروانی حوشترە عەرەبییەکان،
من حوشترێکی دوو کۆپارە و
کەنغەرێکی بێ گیرفانم.
من ئەو یاریزانەم کە بە کارتی سوور کراوەتە دەرەوە.
من ئەو قوتابییەم کە چوونە پۆلی لێ قەدەغەکراوە.
من ئەو شاعیرەم، کە شاعیر و عاشقەکان ڕقیان لێیەتی و بە دزییەوە قەسیدەکانی دەخوێننەوە.
من ئەو کوڕە ئاوارەیەم،
کە هیچ وێنەیەکی بە ماڵەکەیدا هەڵنەواسراوە و
خاوەنی هیچ کلیلێکی تایبەت بەخۆی نییە.
من شووشەیەکی داڕزاوی بیرەم،
بۆنی نانێکی سوتاوم
دەنکە شقارتەیەکم کە دەستەکان دایدەگیرسێنن و
هەوا دەیکوژێنێتەوە.
من خوێنی شاعیرە فڕێدراوەکانی سەر شۆستەم،
کە دکتۆرەکان بەسەریانەوە دەگرین.


لوقمان دێرکی
و: خەڵات عەلی


لە "با"وە بۆ شۆستەكان

 پەنجەکانت هی بان،

کاتێک هیچ شەمەندەفەرێک نادۆزیتەوە کە تێیدا پێشوازی لە ژنێک بکەیت…

پەنجەکانت هەمووی هی شەمەندەفەرن

کاتێک ئەو عەرەبانەیە نادۆزیتەوە کە ژنێکی هەڵگرتووە..

پەنجەکانت هی هەموو پەنجەرەیەکن…

کاتێک لە هیچ یەک لە پەنجەرەکانەوە ژنێک دەرناکەوێت…

پەنجەکانت هی ڕێگای ئاسنینن

تا هەموو فارگۆن و گەشتیار و کەلوپەلەکانی شەمەندەفەرەکە بە تەواوی بەسەریدا تێ بپەڕن.

کاتێکیش کە دەزانیت ئەو فارگۆنەی کە ژنەکەی هەڵگرتووە تێپەڕیووە، بە تەواوی تێک دەشکێیت.

دوای ئەو هەموو دوودڵی و ڕاوەستانەی بەر ئاوێنە،

پاش مەشق و ڕاهێنانێکی ماندووکەر

بۆ تێپەڕین بەو شەقامەی کە ماڵەکەتانی لێیە بێ ئەوەی شپرزە بم

دوای ئەوەی وەک هەورەبروسکە بە بەردەمتدا تێ دەپەڕم،

بە ئەنقەست لەبەردەم قاچەکانتدا، ناونیشانی خۆم لەبیردەکەم.

ئەها ئەوە منم کە لە دەرگات دەدەم

بەڵام ئایا نائومێدیم چەند گەورە دەبێت،

ئەگەر لەوێ نەبیت؟

چونکە من ناتوانم جارێکی دی ئەو ئازایەتییە دووبارە بکەمەوە.

بە هێواشی دەمجوڵێنێت، بۆ ئەوەی پێم بڵێ “بەیانیت باش”

جەستەی جێهێشتووم بۆ گەرمی و خەو

بە هێواشی دەیجوڵێنم، بۆ ئەوەی پێی بڵێم:

“ئێوارەت باش”

بەرەو لای ئاگردانەکە دەڕۆم،

ماوەیەکی زۆرە ڕۆیشتووە و دوو خووی بۆ بە جێهێشتووم:

یەکەمیان ئەوەیە کە سەرینەکە دەجوڵێنم و

 بە نوێنە بەتاڵەکە دەڵێم “ئێوارە باش”

دووەمیشیان تا بەیانی بێدار دەبم

بەبێ ئەوەی کەسێک بە “بەیانیت باش” ئاگام بێنێتەوە.

لە گوڵێک دەپرسم،

لە قەسیدەی ناو جانتاکە

“ئەو خۆشی دەوێیت و ئاگادار نەبووە”

لەو ژاکانەی ناو دەستی دەپرسم

لە پیتە هەڵگەڕاوەکانی ناو قەسیدەکە

“ئەو چیتر خۆشی ناوێیت و ئاگاداریش نەبووە”

نەریتی پیاوەکە ئەوەیە چاوەڕێ بکات

نەریتی ژنەکەش ئەوەیە کە نەیەت،

نەریتی پیاوەکە کورسییەک و چاو بڕینە دەرگایە

نەریتی ژنەکەش ئەوەیە کە لە دەرگا نەدات

جارێک هات و لە دەرگای دا،

بەڵام پیاوەکە هەر لەسەر کورسییەکە مایەوە

ئەی ئەو هەترەبوونەی تاجی ئاگاییت لەسەر نراوە

ئەی ئەو گوڵەی باخچەکانی ونکرد و لە پێدەشتەکاندا ڕوا، بێهوودە دەستەودامێنت دەبم.

ئەی ئەو باڵانەی کە کەوتن و چۆلەکەکانیان لە هەوادا مانەوە، جگە لە پەڕ و چریکە چیترن؟

“با” کێیە دوای قژە درێژەکەت؟

شۆستە کێیە دوای پێیە بچکۆلەکانت؟

دڵخۆشم پێت

وەک ئەو پەیکەرەی کە تازە دۆزراوەتەوە…

لە شەقام خەمی تۆمە و لەسەر شۆستە خۆشم دەوێی

کاتێکیش جەنگ هەڵدەگیرسێ

لەبەردەم ئەو شەقامەی ماڵەکەتان وەک بەرگریکارێک دەوەستم

لەسەر شۆستەکان گوێم لە ترقەی پێڵاوەکان دەبێت

لە هەموو چاوێکیش نیگای تۆ دەبینم

وێنەی هەموو پیاوان لەسەر پەنجەرەکەی دەسڕمەوە

کاتێکیش دەگەڕێمەوە بۆ ژوورەکەم

هیچ شتێک ڕامناچڵەکێنێ جگە لە “نەبوونت”

کە لە شەوێکی ترسناکدا

بە تەنیا و بە دڵتەنگی

وەک پەیکەرێک کە تازە دۆزرابێتەوە وابوو.

وەک ئەوەی من ئاو بم،

بەردەکان بۆ کەنارەکان دەگەڕێنمەوە..

یاری لەگەڵ “با”دا دەکەم

کە ئەو کەشتیانەی مافیاکانی دەریایان هەڵگرتووە تێ دەپەڕن، ئارام دەبمەوە

کاتێکیش قایەخە بچکۆلەکەی تۆ تێ دەپەڕێ، وەک ئەوەی ئاو بم، بە هەڵم دەبم

لە خۆشیاندا دەمرم کە دەست لە قاچەکانت دەدەم لەکاتی بەرزبوونەوە٭

لە خەماندا دەمرم کە لەکاتی نیشتنەوەدا٭ داخت بۆ هەڵدەکێشم

چاوەڕێت دەکەم..

کاتێکیش کە نایەیت

شەپۆڵەکانم بەسەر خۆمدا دەدەم و وشک دەبمەوە

وەک ئەوەی ئاو بم

گوڵەگەنم لە لانەی دڕندەکاندا نەیتوانی تۆ بدۆزێتەوە

هیچ هەڵۆیەکیش لەسەر شانی من نەنیشتەوە

نە تەمەنم لە مەچەکی تۆدا،

نە ئاویشم لە لەرزینی جەستەتدا تەواو نەبوون

ئەو باڵایە نەبووم کە جگە لە تۆ سەر بۆ کەس نەوی نەکەم

ئەو ماسییەش نەبوویت کە هەر جارێک چاوم پێت بکەوتبایە نوقم ببیت

وەک ئەوەی پیاوێک بم تۆڕی جاڵجاڵۆکە لە چواردەوری دڵم دروست بکەم،

سەرنخونم، کراسەکەشم بە جەستەی تۆوە گوڵ دەگرێت..

تۆش لە کراسە ڕەنگاوڕەنگەکەمەوە سەر هەڵدەبڕیت

چۆن دەست پێ بکەم؟

کە دۆزەخەکەم بچوکە بۆ ئەوەی بتخەمە ناوی و

خوێنیشم هەرچەندە سەراوژێر بڕژێت، پێت ناخلیسکێت.

پەراوێز: ٭جزر و مد: بەرزبوونەوە و نیشتنەوەی دەریا، کە بە هۆی هێزی خۆر یان مانگ لە ڕووکاری دەریا ڕوودەدات.


لوقمان دێركی

و: خەڵات عەلی



یاداشتە ڕۆژانەییەکانی نەخۆشێک کە نووسینی لێ قەدەغەکراوە

 ١

تۆ قەدەغەکراویت خۆشەویستەکەم، لە هاتن بۆ لای من

قەدەغەیە دەست لە چەرچەفە سپییەکان یان پەنجە بەفرینەکانم بدەیت

قەدەغەیە دابنیشیت، بچرپێنیت، یان دەستت لەناو دەستمدا بەجێ بهێڵیت

قەدەغەیە لە ماڵەکەمان لە شام،

پۆلە کۆترێک

یان یاسەمینێک یان گوڵەباخێک بهێنیت،

قەدەغەیە بوکەشوشەیەکم بۆ هەڵگریت تا لەباوەشی بگرم

یان چیرۆکی کورتە باڵاکان و شاژنە جوانەکە و جنۆکەکانم بۆ بخوێنیتەوە.

چونکە خۆشەویستم، لە بەشی نەخۆشییەکانی دڵ

خۆشەویستی و تامەزرۆیی و نامە نهێنییەکان زەوت دەکەن.

٢

هەناسەی قوڵ هەڵمەکێشە، ئەگەر هەواڵێکی سەرنج ڕاکێشت لە ڕۆژنامەکاندا خوێندەوە

ئەسپیش هەست بە ماندووێتی دەکات خۆشەویستم،

کاتێک سمی یەکەمی دەخاتە ناو دیمەشقەوە و

سمەکەی دیکەیشی دەخاتە ناو کۆمەڵەی خۆر

٣

ئەو چەند کاتژمێرە خۆت بگرە خۆشەویستم،

چونکە کاتێک شاعیر بڕیار دەدات پێستی گۆی زەوی بە پیتەکان کون بکات و

دڵی ببێتە سێوێک و

منداڵانی کۆڵانە شەعبییەکان گازی لێ بگرن…

کاتێکیش شاعیر هەوڵ دەدەت لە شیعرەکانی

کۆمەڵێک کولێرە دروست بکات بۆ ئەوەی برسییەکانی نان و ئازادی بیخۆن

مردن نابێتە کارێکی بەپەلە

چونکە خۆشەویستم ئەوەی دەنووسێت

دڵەکوتێیەکەی لە پەڕەکانیدا هەڵدەگرێت

٤

تکات لێ دەکەم کە زەردەخەنە بکەیت، تکات لێ دەکەم کە زەردەخەنە بکەیت

ئەی دارخورمای عێراق، ئەی چۆلەکەی شەوانەی ڕەسافە

چونکە دڵەکوتێی شاعیر هەرگیز بابەتێکی کەسی نییە

بەس نییە کە دوای خۆم زمانم بۆ منداڵان و ئەلفوبێم بۆ عاشقان جێهێشتووە؟

٥

سەرینەکەم سپییە،

هەروەها کات و کاتژمێر و ڕۆژەکانیشم، هەمووی سپیین.

بۆیە خۆشەویستم دەکرێت

شتێکی سوور بخەیتە سەر لێوی سافت؟

چونکە مانگێکە من وەک منداڵان خەون دەبینم

 پەپوولەیەکی سووری گەورە سەردانیم دەکات…

٥

داوای قەڵەم دەکەم و پێم نادەن

داوای ڕۆژەکانم دەکەم، ئەوانەی هیچ ڕۆژێکیان نەبوو

پرسیاری دەرمانێکیان لێ دەکەم کە بمباتە نێو دنیای خەونەکان

تەنانەت حەبی خەویش وەک من لەسەر بێداری ڕاهاتووە و ناخەوێت

٧

ئەگەر وەک سەردانیکەرێک هاتیتە لام

هەوڵ بدە ملوانکە و مستیلە بە نقێم نامۆ لەبەر بکەیت

هەوڵ بدە دارستان و درەختەکان لەبەر بکەیت

هەوڵ بدە كڵاوێکی شادمانی وەک پێشانگای گوڵوگوڵزار لەسەر بکەیت

چونکە من لە بازنەکانی لم بێزارم، لە بازنەکانی گفتوگۆش

٨

خۆشەویستم، کەسێکی تامەزرۆ لەو زیندانە تاکەکەسییەدا چی دەکات؟

کە دەرگا و پاسەوان و فەرمانە نەریتییەکان لە نێوانماندان

زیاتر له بیست هەزار ساڵی ڕووناکیمان لە نێواندایە

تامەزرۆ چی بکات بۆ خۆشەویستی و ژەنین لەسەر پەنجە عاجییەکان و

دڵیش هێشتا لە مانەوەیەکی ناچاریدایە

٩

هەست بە تاوان مەکە بچکۆلانەکەم، هەست بە تاوان مەکە

چونکە هەر ژنێک خۆشم ویستبێ

میراتی دڵەکوتێیەکی بۆ جێهێشتووم.

١٠

ئامۆژگاری پزیشک بۆ من:

ساڵێکی تەواو شیعر نەڵێم

ساڵێکی تەواویش چاوەکانت نەبینم و

گۆڕانکارییەکانی دەریا لە چاوە وەنەوشەییەکاندا نەبینم!

ئای خوایە، ئەو ئامۆژگارییە چۆن بە پێکەنینم دێنێت…


نزار قەببانی

و: خەڵات عەلی



چۆلەكەیەك

 خەونم بوو چۆلەکەیەک لە دەمم بێتە دەرەوە کە نەتوانێت بفڕێت و

هاندەران لە دێری یەکەمی قەسیدەکەمدا بیگرنەوە..
سەگێکی وێڵ دوام بکەوێت تا ماڵەوە و
گوێی لێم بێت کە پیانۆ دەژەنم و لەگەڵمدا بگری و
ئازار بچێژێت
پاشان لاساییم بکاتەوە کاتێک کە سەرم بە دیواردا دەکێشم
خەونم بوو خەڵاتێک درووست بکەم بۆ هەژار و دڵتەنگەکان، کە ڕکابەری (خەڵاتی "نۆبڵ" بۆ ڕێزگرتن) بکات و
بە هاوبەشی لەگەڵ کەرێک بیبەینەوە، کە تاقیدەکەمەوە لەگەڵێدا لە لادێ ڕابکەم و میز بکەم و تف بەو دەسەڵاتدارانەدا بکەم کە ئەو خەڵاتەیان پێداوم.
پاشان بڕۆم بۆ سەنتەری شار و
لەبەردەم نیشانەکانی هاتوچۆدا ڕووت ببمەوە و بە چاوێکی ناشرینەوە سەیرم بکەن.
........
........
بەردێک هەڵدەگرمەوە و
بۆ ئۆتۆمبێلەکەی پارێزگاری دەهاوێژم کاتێک بە لامدا تێدەپەڕێت و
کۆمەڵە پۆلیسێکیش تێدەپەڕن و لێم دەگەڕێن ئازاد بم
خەونم بوو کە لەو دارخورمایە نزیک ببمەوە کە باپیرەم لە بێستانە بەردینەکەیدا چاندی و
بێژەرەکان لە نزیکەوە هەواڵیان دەگواستەوە دەربارەی هیتلەر و چۆنیەتی شکستهێنانی جەنگە ڕەشبینانەکەی.
دارخورماکەی باپیرەم لەسەر دیواری یەکەمین قوتابخانەم وەک بچکۆلەیەک وێنەم دەکێشێت
بەجۆرێک کە قوتابییەکانی پۆلی یەک پێی دڵخۆش بن
ئەوانەی کە لە خوێندنەوە ئەزەلییەکانمدان و
من بۆ یەکەمین جار لە پەنجەرەی قەسیدەوە دەیانبینم کە چۆن هەوڵدەدەن قەڵەم دارەکانم لە جانتای قوتابخانەم دەربێنن و بیدزن
زەنگی ژیان لێدەدات و بەخێرایی بەرەو دەرەوەی کات ڕادەکەن
بە دەنگێکی بەرز پێیان پێدەکەنم
هاوسەرەکەم (مۆسیقا) گوێی لێم دەبێت و
وێنە دێرینەکانیان لە یادگەمدا وردوخاش دەکات و
لێدەگەڕێت بێ هۆکار بچمە ناو هەموو نەخۆشخانەکانەوە..


مالیك عەبدوون
و: خەڵات عەلی



گوڵێكی بەبەردبوو

 دەگێڕنەوە کە گوڵێک لە نێوان دوو بەردی گەورەدا ڕوا، بەردەکان بە ڕادەیەک گەورە بوون کە هەموو شتێکیان لە چواردەوری گوڵەکە شاردبویەوە و هیچ گیایەک یان کەروێشک یان درەخت یان چۆلەکە یان سمۆرە یان شێرەکوللە یان دۆستەکانی لە گوڵی دیکە نەدەبینی، ئەو قسەی بۆ کەس نەدەکرد و کەسیش قسەی بۆ ئەو نەدەکرد، گوڵەکە جگە لە دوو بەردەکە و ئاسمان هیچی تری نەبینیبوو...پاش چەند ڕۆژێک، گوڵەکە سیس بوو و مرد، مرد و لەو باوەڕەدا بوو کە ئەویش "بەردە"!



بوسەینە ئەلعیسا
و: خەڵات عەلی


لە ژێر تەختە داری توڕەیی

 وەرمگێڕن بۆ سەر هەموو زمانەکان تا خۆشەویستەکەم گوێی لێم بێت

بمگوازنەوە بۆ هەموو شوێنەکان تا خۆشەویستەکەم گەمارۆ بدەم
تا ببینێت کە من هەم کۆن و هەم نوێم
گوێی لە گۆرانییەکانم بێت و ترسەکەم بکوژێنێتەوە
من ئەوم بەردایەوە و ونم کرد
فریوم دا...
ژیانی خۆتانم بە قەرز بدەنێ تا چاوەڕێی خۆشەویستەکەم بکەم
ژیانتانم بە قەرز بدەنێ تا خۆشەویستەکەمم خۆشبوێ..

ئونسی ئەلحاج
و: خەڵات عەلی


دوای من

 بەزەییم بەوەدا دێتەوە کە لە دوای من خۆشیدەوێی

کاتێک دێتە یەکەمین دیدەنیت، دەبێ گسک و بێڵێک هەڵگرێت و
ئامادەبێت کۆت بکاتەوە، دوای ئەوەی بە پارچە پارچەیی بەجێم هێشتی.
زۆری گوێ لە ناوم دەبێت و
لەناویدا کونی زۆر هەڵدەکۆڵێت کە گومان تێیاندا پەرە بستێنێت..
لە مل و جەستەی لاوازت و دەمت دەڕوانێت و دەپرسێت:
ئاخۆ چۆن دەستبازیم لەگەڵدا کردووی؟
هەموو ئەو بەڵێنانەت پێدەدا کە من پێمدای و
نیوەی ئەو بەڵێنانەش کە نەمتوانی جێبەجێیان بکەم
لە تۆوە -تەنیا- گوێبیستی چیرۆکگەلی ترسناك دەبێت وەک: چۆنیەتی خواردنەوە و چۆنیەتی خەوتنم.
دەپرسێت: چۆن کەسێکی ناوازەی وەک تۆ ئەژدیهایەکی وەک ئەو کەسەی پێش ئەوی خۆشویستووە...
سەرەڕای ئەوەش، دوای تارماییەکەم دەکەوێت و
تێدەگات بۆچی سەیری پشتی دۆڵابەکە ناکەیت
بۆچی لە ژێر تەختی خەوەکە دەترسیت
تێدەگات کە هەموو گۆشەکانت پڕن لە تارمایی من...

کلیمێنتن ڤۆن ڕادێكس
و: خەڵات عەلی