السبت، 9 ديسمبر 2023

بەدزییەوە گریان!

 لە توێژینەوەیەکدا خوێندبوویەوە: بۆ ئەوەی بەر بە گریان بگریت دەبێ ئازار بە شوێنێکت بگەیەنیت. لێوی دەگەزی و قسەی دەکرد: نەخێر من زۆرباشم. بۆچی پێت وایە خراپم؟

چاوەکانی دەبریسکانەوە، دەستەکانی بردبووە دواوە و نینۆکی دەستێکیانی لە مەچەکی دەستەکەی دیکەیدا چەقاندبوو، فرمێسکەکانی هاتبوونە گۆشەی چاوی... تیک تاک، تیک تاک و.... دەڕژان!
پێدەکەنی و بە دەنگێکی خنکاوەوە دەیگوت: "نا وانییە، من شێوەی دەموچاوم هەروایە هههه زۆرجار هاوکارەکانیشم پێم دەڵێن تۆ خەریکی دەگریت! وابووایە وەک ئادەم هەمووتانم لە فرمێسکی خۆمدا غەرق دەکرد ههههه چەند هەزەلییە.
دەزانی دایکم دەڵێ چی؟ دەڵێ شێوەت لە شێوەی داپیرەت دەچێ ئەویش هەر دەتگوت دوو گۆزە لە پشت گلێنەکانییەوەن و هەر سەری شۆڕکردبایەوە گۆزەکانی دەڕژان هههه ئەیچۆن من لە داپیرەم دەچم، دایکی باوکم کە ماوەیەک لە ڕۆژهەڵات ژیابوو، کە هاتبۆوە لێرە پێیان دەتگوت: خانمی ئەسرین ڕێژ. هههه بەڵێ ئەوەندە دەگریا، من نەمدیبوو بەڵام دەڵێن بتدیبایە هەر بە گریانەوە دەتبینی..."
فرمێسکەکانی بەسەر ڕوومەتە سپیکەڵانەکەیدا دەهاتنە خوارەوە، درۆی دەکرد شێوەی وانەبوو. تەواو بە پێچەوانەوە هەر لە خۆری سەر لە بەیانی دەچوو ئەوەندە گەش و ئەوەندە گەرم.. بەڵام دواجار شتێک لە پشتی ئەو فرمێسکانەوە بوو کە وەک پرێسکە کۆنەکەی داپیرەی لەژێر ئەم نوێن بۆ ژێر ئەو نوێن هەڵیدەگرت و دەیشاردەوە.
لێوەکانی وشک ببوون، پێستی بەشی ناوەوەی لێوی هەڵیدابوو و لە کاتی قسەکردندا بە ڕوونی دەردەکەوت. کە فرمێسکەکانی بەسەردا دەکەوتن وەک گەڵای پایزان دەنووسایەوە بە چۆڵەوانیی لێوی.
چاوە نیمچە سەوزەکانی، تەڕ و سوور. بە خێرایی دەیسڕی و دەیگوت:
"ئەوە چیتە؟! بێگومان ناگریم. ئێێێهـ تۆش! ماندوویت بۆیە دەنگی من وا دەبیستی. هههه جا واش بێت، کێشەت چییە؟ هههه مرۆڤ ئەوپەڕی بژی هەر پەنجا ساڵێک دەژی، نیوەمان بڕیووە و نیوەکەی تریش ئەگەر هەر نەمانبڕی، کورتی دەکەینەوە...ئائا هەر هێندەیە هههه..."

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق