(جمالیات القبح - جوانییەکانی ناشرینی) دەستەواژەیەکی هونەری ئەدەبییە، ڕەخنەی جوانی دەکات وەک چەمێکی سنووردار و جێگیر، بە کۆمەڵێک پێوەری چەقبەستووەوە کە دەرەوەی ڕووبەری بازنەی ئەو پێوەرانە ڕاستەوخۆ بازنەی دژە جوانیی یان ناشرینی دەست پێدەکات. وەک ئەمبێرتۆ ئیکۆ پێی وایە جوانی دەکەوێتە چوارچێوەی سنورێکی کێشراو، بەڵام سنوورەکانی ناشرینی کۆتاییان نییە، بۆیە ناشرینی ئاڵۆزتر و جۆراوجۆرترە.
هەڵبەت ئەو چەمکە هەر لە ئاستی جوانی و دژە جوانیدا ناوەستێت، بەڵکو ڕووبەڕووی ئەو دیوارە ئەستوورە وەهمییە دەبێتەوە کە لەنێوان جوانی و ناشرینیدا درووستکراوە و لەیەکیان جیادەکاتەوە وەک دوو بابەتی دژیەکی لێک جیاواز.چەمکەکە فراوانتریشە ئەگەر عەلی بەدر وەک نموونە وەرگرین کە (لە زۆرێک لە بەرهەمەکانیدا) بە ڕوونی کاری لەسەر ڕێژەیی کردنەوەی هەردوو چەمکەکە کردووە بە هەمان ئەندازە. دەکرێ لە ناشرینیدا جوانی هەبێت و لە جوانییشدا ناشرینی هەبێت. ئەو دوو چەمکە دانەبڕاوترین دوو چەمکن لە یەکەوە و هیچیان بێ ئەوەی تر بوونی نییە. هەمیشە عەلی بەدر کەسایەتییەکی هەیە کە بکوژە/کەسێکی داماڵراوە لە هەموو پێوەرەکانی ئەخلاق و جوانی، بەڵام مرۆڤێکی جوانە یان یەکێکی هەیە تەواو مەبدەئییە و بە پێی هەموو پێوەرەکان قبوڵکراوە، بەڵام ناشرین و نابووتە. ئەمە لە تەنیشت تابلۆکەی پیکاسۆ (کچەکەی بەردەم ئاوێنە) کە ئەویش نموونەی ئەو دەستەواژەیە و جوانی و ناشرینی هەم تێکەڵ دەکاتەوە و هەم ڕێژەییان دەکاتەوە بەوەی دەکرێ هەردووکیان لەوەی تردا دەرکەون.
خۆشبەختانە دواجار لە ئەدەبی کوردییشدا ئەزموونێکمان هەیە کە بەتەواوی هەموو ڕوویەکی ئەو چەمکەی نماییش کردووە لە زیاتر لە نموونە/کەسایەتییەکدا. ئەم کتێبە جنێو و درۆ بەو نموونەیە وەردەگرێت کە دەکرێ بە دوو ئاراستەی جیاوازدا بڕۆن و لە خاڵێکدا بەتەواوی لە هەردوو جەمسەردا بتوێنەوە.
"دەبێت بڕوامان بە زۆر شت هەبێت، هەندێک جار درۆ جۆرێکە لە ڕاستی"
کامیار، لە زیاد لە وێستگەیەکی ژیانی درۆ تێکەڵی ڕاستی دەکات، کە هەندێکجار درۆکانی بەشێکیشن لە ڕاستی و هەندێکجار هەر بەتەواوی ڕاستین.
خەلیلی مێوژفرۆشیش چێژ لەوە دەبینێ خەڵک جنێوی پێبدەن، چونکە پێی وایە مرۆڤ دەبێ جنێوبدات بۆ ئەوەی ڕووە ناشرینەکەی خۆی بناسێت.
دواجار دەکرێ لەگەڵ ڤانکوخ هاوڕا بین کە دەڵێت: "تایبەتمەندیگەلێک لە شتە ناشرینەکاندایە کە نایاندۆزینەوە لەناو شتە جوانەکاندا" لەبەرئەوەی ناشرینی تەنیا دیاردە یان جوزئیەتێک نییە، بەڵکو نیوەی دووەمی پەیدابوونی هەموو شتێکە.

ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق