السبت، 9 ديسمبر 2023

بەشێك لە گفتوگۆی سوریالیستەكان

 ئەم کتێبە گفتوگۆی کۆمەڵێک سوریالیستی بەناوبانگە لەسەر مەسەلەی سێکس، ئەزموونێکی گرنگ و تایبەتە و ڕچەشکێنیشە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سیاقە مێژووییەکەی (1928-1932)

شتێکی جیاواز و بەدەر لە بابەتەکە شێوازی دەستبەسەرداگرتن و سنووردارکردنی گفتوگۆکانە لە لایەن ئەندرێ بریتۆنی نووسەری مانیفێستی یەک و دووی سوریالیزم.
کۆی گفتوگۆکان کە لەو کتێبەدا کراون بە دوازدە بەش یان دوازدە دیدار، نازانم ئەگەر زیاتری لێ هەبێت یان هیچ بەشێکی لێ بڕدرابێت، لە هەموویاندا کەمێک دیقەت بدەیت بریتۆن خۆی بە چەقی گفتوگۆکە دەزانێت و لە کوێدا بابەتەکە بەپێی بۆچوونە کۆنزەرڤاتیڤەکانی ئەمەوە نەڕوات، ژاوەژاو دەنێتەوە (کە ئەمە بۆ من زۆر نوێ بوو) و ڕەنگە ئەوە وامانلێبکات بە جۆرێکی دیکە بیر لە کێشەکەی لەگەڵ لویس ئاراگۆن بکەینەوە و تەواوی ڕووداوەکانی دواتر گۆڕانی بەسەردا بێت کە بوونە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سوریالیزم بە شێوەیەکی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراو...
دانیشتنی یەکەم:
پێرێ: ڕاتان چییە لەسەر خۆ ڕووتکردنەوەی پیاوان؟
بریتۆن: ئەوە نەخۆشییە.
دانیشتنی دووەم:
بارۆن: ڕاتان چییە لەسەر هاوڕەگەزخوازی؟
کۆنۆ: وایدەبینم کە ئەمە (مەبەستی سێکسە بەگشتی) لە هەردوو حاڵەتەکەدا -پیاو لەگەڵ پیاو یان پیاو لەگەڵ ژن- کۆمەڵێک مەرجی قبوڵکراو بێت.
بریتۆن: کۆنۆ تۆ هاوڕەگەزخوازیت؟
کۆنۆ: نەخێر.... ئاراگۆن ڕای چییە لەبارەی هاوڕەگەزخوازی؟
ئاراگۆن: بەڕای من هاوڕەگەزخوازی نەریتێکی سێکسییە وەک هەموو نەریتە سێکسییەکانی دیکە، بابەتەکە بەلای منەوە پەیوەندی نییە بەهیچ ئیدانەکردنێکی ئەخلاقی....
بریتۆن: بەتەواوی ناڕەزاییم هەیە لە بەردەوامبوونی گفتوگۆکە لەسەر ئەو بابەتە، ئەگەر مەبەستەکە ڕیکلام کردنە بۆ هاوڕەگەزخوازی، من یەکسەر لە گفتوگۆکە دەکشێمەوە.
ئاراگۆن: دوور و نزیک بابەتەکە پەیوەندی بە ڕیکلام کردن بۆ هاوڕەگەزخوازی نییە، گفتوگۆکە خەریکە ئاراستەی دەمەقاڵێ وەردەگرێت...
بریتۆن: ئایا دەتانەوێت لە گفتوگۆکە بکشێمەوە؟
(کۆنۆ بابەتەکە دەگۆڕێت)
ئاراگۆن: چ گرنگییەک بەو بیرۆکانە دەدەن کە ژنێک (کە سێکسی لەگەڵدا دەکەن) هەیەتی لەبارەی توانا سێکسییەکانتان؟
بریتۆن: با نەمێنێت ئەو ژنەی لەو لایەنەوە هەڵمدەسەنگێنێت...
دانیشتنی سێیەم:
جینباخ لەسەر مەسەلەی خۆشەویستی و ڕۆح و جەستە چەند تێبینییەکی هەیە کە لە هەموویاندا بریتۆن زۆر بە توندییەکی ڕوونەوە وەڵامی دەداتەوە...
بریتۆن: ئەو گوزارشتە میتافیزیکییانەم زۆر بۆ گرنگ نییە، دەمەوێت درێژە بە گفتوگۆکە بدەین
جینباخ: لەو حاڵەتەدا، پێم باشترە کە وەڵامی پرسیارەکانتان بدەمەوە
بریتۆن: لێرەوە ڕایدەگەیەنم کە قبوڵ نییە جینباخ بمنبات بۆ بابەتگەلێکی دەرەوەی ئەم گفتوگۆیە....
دوای کۆمەڵێک پرسیار کە وەڵامەکانی پێناچێت ئەوە بێت کە بریتۆن دەیەوێت، بە جینباخ دەڵێت: تۆ ڕێزی ڕێساکانی یارییەکە ناگریت و لەمپەر دەخەیتە بەردەم گفتوگۆکە لەبەر کۆمەڵێک گرێ لەناوتدا کە دەتوانین بە ئاسانی هەستی پێبکەین...
لە هەموو گفتوگۆکانی دیکەشدا لە خاڵێکدا دەیەوێت دەست بەسەر ڕێڕەوی گفتوگۆکاندا بگرێت و پرسیار و بابەتەکان بەو ئاراستەیەدا بگۆڕێت کە خۆی دەیەوێت، لە چەند شوێنێکیشدا گوزارشتی:
"با پێنج خولەک لەگەڵیدا پێبکەنین" بەکاردەهێنێتەوە بە مەبەستی گاڵتەکردن یان سوکایەتی بە وەڵامی یەکێکیان. هەر لە چەند دانیشتنەکەی سەرەتا ڕوون دەبێتەوە بریتۆن چۆن بیردەکاتەوە و لەسەر چ هێڵێک دەڕوات، هەر ئەو ڕوونییەش ئەو بیرۆکەیە دەداتە خوێنەر کە پێچەوانەی ئەوەی بیرمان لێدەکردەوە بریتۆن دەیەوێت سوریالیزم یان یەکێک لە دەرکەوتنە هەرە گرنگەکانی سوریالیستەکان سنووردار بکات و ڕێسایەکی هەرە گرنگی ڕێبازەکە بە ڕوونی تێکبشکێنێت و دوور نییە هەر ئەمیش بەو خاوەندارێتی کردنە بووبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی بزووتنەوەکە.


ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق