ڕەنگە ئەو کتێبە تاکە کتێب بێت کە من بە کوردی خوێندبێتمەوە و ئەو قسەیەی بۆرخێسی بیرهێنابمەوە کە دەڵێت: "زۆرتر لەوەی وەرگێڕان ناپاکی بێ لە بەرهەمی ڕەسەن، بەرهەمی ڕەسەن ناپاکییە لە وەرگێڕان".
لەکاتی خوێندنەوەی برینا ڕەش، دەتوانیت وایدابنێیت وەرگێڕەکە لەناو کەشتییەکی بۆشاییدا بووە و هەر لاپەڕەیەکی بە ئاسمانی شارێکی کوردستانەوە وەرگێڕاوە...
هەرگیز پێش خوێندنەوەی ئەو کتێبە لەو باوەڕەدا نەبووم دەکرێ شێوەزارەکەی ئێمەش لە داهاتوودا کەلێنێکی زمانی ستانداردی کوردی پڕ بکاتەوە، بەڵام شێوەزارەکەی ئێمە وادیارە لەوە گەورەترە کە ئێمە خەیاڵمان بۆ کردبوو..
خەوشێک لەو قسەیەدا نادۆزمەوە ئەگەر بڵێم ئەو وەرگێڕانە باشترین وەرگێڕانی کوردییە کە تا ئێستا خوێندوومەتەوە و شتێکە شایەن بە شان و شکۆی بەرزی موسا عەنتەری جەنگاوەری زمانی کوردی و ئەگەر دەرفەتی خوێندنەوەی هەبوایە، هێندەی نووسینی بە وەرگێڕانێشی کەیفخۆش دەبوو.
کتێبەکە خۆی کتێبێکی شانۆیی شیرینە و ئەدەبێکی جوانە کە بە کرمانجی نوسراوە، بەڵام دەکرا بە جۆرێک وەربگێڕدرێتە سەر سۆرانی کە ئەو ئینتیباعه لای خوێنەر جێنەهێڵێت و وەک هەر شانۆ/کتێبێکی دیکەی ڕاگوزەر لێی بڕوانرێت، بەڵام لێرەدا ئیتر دەنگی وەرگێڕان بەرزدەبێتەوە و پێمان دەڵێت کە وەرگێڕ هێندەی نووسەر و زیاتریش لە هێشتنەوەی بەهای ئەدەبی و فیکریی دەق بەشدارە، ئەگەر تیۆری "موت المؤلف"ـی ڕۆلان بارت هەموو شتێک بگرێتەوە، وەرگێڕ و وەرگێڕان لێی بەدەرن و ناچنە ژێر بارییەوە.

ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق