السبت، 9 ديسمبر 2023

بیر و ئۆنێتی و جگەرە

 ئەو کتێبەم هەر ئەمڕۆ کڕی، هەر لە چەند سەعاتێکدا هەموو شتێک ڕوویدا..گێڕانەوە هەمیشە کۆمەڵێک ڕەهەند لەخۆ دەگرێت، کۆمەڵێک جوانیی دەرەئاسا کە ڕەنگە ئەگەر لە ناوەڕاستی ڕووداوەکەدا بین نەتوانین تێبینییان بکەین.(بیر) وەک ئەوەی کاک ژیار هۆمەر وەریگێڕاوە بۆ کوردی، کۆمەڵێک ڕووداوی ئاساییە، دوای ئەوەش کە دەیخوێنیتەوە دڵنیایت لەوەی پێشووتر ڕووداوی لەوە سەرنجڕاکێشتر و باشتر و جوانتر و نائاساییترت خوێندووەتەوە و بگرە تێشیدا ژیاویت، بەڵام گێڕانەوە و تێدا ژیان دوو شتی جیاوازن و ڕەنگە ئێمە ئەگەر خاوەنی ئەو خەون و دیمەن و ڕووداوانە بووینایە نەمانتوانیبا هەمان هەست و بۆچوونمان هەبێت.سەرەڕای ئەوەی کتێبێکی نوێ نییە، بەڵام تەکنیکی گێڕانەوە تێیدا زۆر بەرز و بەهێزە، جۆرە گێڕانەوەیەک کە دەکرێ ناوی بنێین ڕێکەوت یان حاڵەت، چونکە زەحمەتە فەوزای لەو جۆرە زیاد لە جارێک لە قاڵب بدرێتەوە.بۆ کوردییەکی ئێجگار شیرین وەرگێڕدراوە، من لەوانەم زۆر حەزدەکەم هەموو شتێک بە کوردی تاقی بکەمەوە و زمان ڕۆچووەتە قوڵاییەکانی بیرکردنەوەمەوە و لەو باوەڕەدام کە ناتوانم لە دەرەوەی زمان مومارەسەی ئەو شتانە بکەم کە لەناو زماندا دەیانکەم. کوردییەکەی (بیر) تەواو خاوێنە و لەو لایەنەوە تەواو ئەرخەیانت دەکات، وات لێدەکات چێژێکی چڕ لەو ئاسایی بوونە جیاوازەی ڕۆمانەکە ببینیت و حەزت لێبێت جگەرەیەک بە یادی بێ جگەرەیی ئۆنێتی داگیرسێنیت.



ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق