بە تەنیا دانیشتبووم، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر شیعرێکی ئەمجەد ناسڕم خوێندبوویەوە لەبارەی ئەوانەی بەتەنیا لە قاوەخانەیەکدا دادەنیشن. چێژم لەوە دەبینی ئەگەر قەسیدەی (انا و جمیل بثينة) بكەینە شانۆگەرییەک بە پێی بارودۆخەکە من ڕۆڵی مەحموود دەروێشم بەردەکەوێت و لە شوێنی خۆمەوە دەتوانم بڵێم: (انا و امجد ناصر كل علی حدة في زمانين مختلفين)...
ئەمجەد لە قەسیدەیەکیدا دەڵێت:"تەنیا نیم لەبەر ئەوەی قسە لەگەڵ خۆمدا دەکەم...
تەنیا نیم لەبەر ئەوەی به دەنگێکی بەرز قاوەکەم دەخۆمەوە!"
قەسیدەکەی مەحموود دەروێش بۆ جەمیل بووسەینە و سێبەری زاڵی ئەمجەد ناسڕ بەسەر من و شوێنەکە واملێدەکەن زەردەخەنەیەکی هاوسۆزی بکەوێتە سەر لێوم لە کاتێکدا بێ ویستی خۆم چاوم لەسەر گارسۆنەکەیە...
بەپەلە دێت و بە زمانەکەی ئەوان لێم دەپرسێت: هیچت ناوێت؟
بە دەنگێکی دوور و نائامادە دەڵێم: ناا.... ببوورە، تەنیا پاسوۆردی ئەنتەرنێتەکە.
دێمەوە سەر قەسیدەیەک، قەسیدەیەک کە چیرۆک بووه پێش ئەوەی ببێتە قەسیدە:
"ڕۆژێک ئەمجەد ناسڕ لە قاوەخانەیەکدا دەیەوێت قەسیدەیەک بنووسێت، لەناکاو دەبینێت کچێک بەرەو لای دێت و لەسەر مێزەکەی دادەنیشێت. کتێبەکانی لەسەر مێزەکە دادەنێت و جانتاکەشی لەسەر زەوی. دەیەوێت شتێک بڵێت و نایڵێت. ئەمجەدیش دەیەوێت شتێک بڵێت و نایڵێت.
قەڵەمەکەی ئەمجەد دەکەوێتە سەر زەوی، کە هەڵیدەگرێتەوە و سەر بەرز دەکاتەوە کچەکە ونبووە.
لە دیوارەکەی بەردەمیشیدا ڕیکلامێکی گەورەی کچێک دەبینێت کە بەتەنیا دانیشتووە و جگەرە دەکێشێت و قاوە دەخواتەوە و بە لاچاوێکەوە سەیری قاوەخانەکە دەکات..."
جارێکی تر ئەمە دەخوێنمەوە و بەدوای ئەمجەد ناسڕدا دەگەڕێم...
و نایدۆزمەوە چونکە من و ئەمجەد ناسڕ هەریەکەمان لە زەمەنێکی جیاوازداین....

ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق