‏إظهار الرسائل ذات التسميات ڕانان. إظهار كافة الرسائل
‏إظهار الرسائل ذات التسميات ڕانان. إظهار كافة الرسائل

الأحد، 10 ديسمبر 2023

خەیاڵ دەتوانێ چی بۆ مرۆڤ بکات؟

ڕەنگە هەر بەڕاستی زۆربەی ئەوانەی لەچیرۆکێکدا دەژین بتوانن دەسکاری چیرۆکەکەیان بکەن،

لەو ڕۆژانە بیرم لە شتێک دەکردەوە، کە هیچ ئەستەمییەکی تێدا نییە، دەمگوت ئێمە ناتوانین ئاراستەی دنیا پێچەوانە بکەینەوە، بەڵام ڕەنگە بتوانین لە دوو شتی خراپ شتێکی باش دروست بکەین.
بیرم دەکردەوە ئەپێک دروست بکەم، تێیدا مرۆڤ ئازاد بێت لە ماڵەکەیدا لەگەڵ کێ دەژی و چیدەکات، تەواو وەک ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانە، بەڵام بەو شێوەیەی کە هەر کەسێک دەیەوێت. ڕەنگ بوو ئەوکات بزانین زۆر شت هەن لە دوورەوە جوان دەردەکەون بەڵام لە واقیعدا جوان نین. بەتەواوەتی وەک سەفین ـی ڕۆمانەکە، چەند بەهێز دەردەکەوێت، بەڵام پێویستە زیاتر نزیک بێتەوە بۆ ئەوەی باوڵی خەمەکانی بەتاڵ بکاتەوە. ئەگەرچی جەهەنەمی واقع و بەهەشتی خەیاڵیش، هیچیان لە ئێستادا بەردەست نین،
بۆیە بیرۆکەی چیرۆکنووسەکە ژیرانە بوو، بۆ ژیانی سەفین. ئەمەی گوتمان لەبارەی خەیاڵ، هەڵبەت بۆ کەسێک کە بتوانێت ببێتە کرێکاری خەیاڵ، خەیاڵ وەک ئەوەی دیارە، کەم نییە، چونکە مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەر ڕێڕەوی خەیاڵی خۆیدا دەشکێ و زۆرجاریش بەڕاستی دەرمانە، هیچ ڕۆژێکی سەفین شایەنی هەڵگرتن نەبوو، جگە لە ڕۆژی کۆتایی و دوای گۆڕینی خەیاڵەکەی... هێزی گەورەی خەیاڵ ئەوکاتە دەردەکەوێت، بەتایبەت کاتێک جەبری واقیع ژیانت پێ تەنگ دەکات.


لوقمان دێركی و نماییشی سادەیی

 هەموو جارێک پێش شاعیر، شیعرم هەڵبژاردووە...

زۆرجار بەر کۆمەڵێک دەقی باشی نووسەرێک کەوتووم، لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک دەقی خراپی هەمان نووسەر.
جگە لە لوقمان دێرکی!
کە دەقە خراپەکانیشی، ئەو دەقانەی زۆر سادە و ئاست نزمن، پڕن لە نمایشێکی گەورەی دەسەڵات بەسەر هەموو ئامرازەکانی نووسین.
ئەو سیحرەی لە نووسینەکانیدایە و من هێندە بە زەقی هەستی پێدەکەم، ڕەنگە بەهۆی زمانی شیعریی بەهێز و پەیامی گرنگ و ئەو ڕێسایانە نەبێت کە شیعر لە جۆر و ڕەنگێک قەتیس دەکەن.
ئەوەی لە لوقماندا جوانە ئەو شێوازی یاخیبوونە زۆر جیاوازەی نووسینە، کە ناکەوێتە ژێر هیچ یاسایەک و بە هیچ یاسایەک لێپێچینەوەی لێناکرێت.
لەوانەیە سەرەتای شیعرەکە بە کۆمەڵێک وێنەی ئەدەبی نایاب و دەستەواژەی دڵبەر بنووسێتەوە و لە ناوەڕاستەوە بیکاتە تێکستێکی لە ئاسایی ئاسایی تر.
یان لەوانەیە لە سەرەتا و کۆتاییدا بەجۆرێک بنووسێ کە خوێنەر هەست بکات شتێک دەخوێنێتەوە کە هەمووان دەتوانن بینووسن، بەڵام لە ناوەڕاستەوە ئەوەندە شیعرە، کە پێویستیت بە باکگراوندێکی ئەدەبی چاکە بۆ ئەوەی بزانیت دەیەوێ بڵێ چی...
هەرگیز حەزم لە دووبارە خوێندنەوەی کتێب یان دیوان نەبووە، بەڵام دوای چەندین جار خەتم کردنی هەموو ئەوەی لوقمان نووسیویەتی، هێشتا دەمەوێ لە سەرەتاوە دەست پێبکەمەوە...



السبت، 9 ديسمبر 2023

داگیركردن-ئانی ئێرنۆ

 وەرگێڕی ئەو کتێبەی ئانی ئێرنۆی براوەی نۆبڵی ئەدەبیات بۆ ئەمساڵ پێی وایە کە بەرهەمەکانی ئێرنۆ هەمووی تەواوکەری یەکترن و هەموویان بەیەکەوە دەتوانن وێنەیەکی ڕەوانی ئەدەبیاتی ئێرنۆ ببەخشن بە خوێنەر. بۆیە ئەوەی لێرەدا دێت تەنیا لە سنووری ئەو کتێبەی ئێرنۆدایە (الاحتلال) کە باس لەو هەستی ئیرەییە کوێرانەیە دەکات کە ژنێک دوای جیابوونەوەی لە پیاوێک تا ڕادەی داگیرکردن هەستی پێدەکات و ئەو ململانێ دەروونییەی کە لەگەڵ ژنێکی تەواو نەناسراودا دەیکات (ناوازەترین بەشی ئیرەیی ئەوەیە کە شارێک و تەواوی دونیا پڕ دەبێت لە بوونەوەرێک کە ڕەنگە قەت نەگەین بە دیداری. -لە کتێبەکەوە). ئەو کتێبە زۆر ژنانەیە، بەوەی کە بە شێوەیەکی زۆر ڕوون هەڵگری خاسیەتە هەستەکییەکانی ژنە (بە تەواوی بەدەرە لە فێمێنیزم و هەر شتێک کە پەیوەندی بەو بابەتەوە هەیە). زمانێکی خاوێن و واقیعی هەیە و بوێرییەکیش کە دەکرێ وەک ماددەیەکی جوانکاری بۆ ئەو زمانە تەواو واقیعییە زیاد بکرێت دەقەکە لە وشک و برینگی ڕزگار بکات. جوانییەکی تری کتێبەکەش وردییەکەیەتی، ڕووداو و کەسایەتی کەم و چیرۆک و وردەکارییەکی چڕ و بەشداری پێکردنی هەموو شتەکانی دەوروبەر و کردنیان بە بەشێک لە چیرۆکەکە. بە کورتی گێڕانەوەی بابەتێکی زۆر سادەیە بە شێوازێکی تەواو نامۆ و دڵگیر کە وات لێدەکات پێت وابێت لە هەموو هەستێکدا شتانێک هەن هێشتا تۆ تاقیت نەکردوونەتەوە.



بیر و ئۆنێتی و جگەرە

 ئەو کتێبەم هەر ئەمڕۆ کڕی، هەر لە چەند سەعاتێکدا هەموو شتێک ڕوویدا..گێڕانەوە هەمیشە کۆمەڵێک ڕەهەند لەخۆ دەگرێت، کۆمەڵێک جوانیی دەرەئاسا کە ڕەنگە ئەگەر لە ناوەڕاستی ڕووداوەکەدا بین نەتوانین تێبینییان بکەین.(بیر) وەک ئەوەی کاک ژیار هۆمەر وەریگێڕاوە بۆ کوردی، کۆمەڵێک ڕووداوی ئاساییە، دوای ئەوەش کە دەیخوێنیتەوە دڵنیایت لەوەی پێشووتر ڕووداوی لەوە سەرنجڕاکێشتر و باشتر و جوانتر و نائاساییترت خوێندووەتەوە و بگرە تێشیدا ژیاویت، بەڵام گێڕانەوە و تێدا ژیان دوو شتی جیاوازن و ڕەنگە ئێمە ئەگەر خاوەنی ئەو خەون و دیمەن و ڕووداوانە بووینایە نەمانتوانیبا هەمان هەست و بۆچوونمان هەبێت.سەرەڕای ئەوەی کتێبێکی نوێ نییە، بەڵام تەکنیکی گێڕانەوە تێیدا زۆر بەرز و بەهێزە، جۆرە گێڕانەوەیەک کە دەکرێ ناوی بنێین ڕێکەوت یان حاڵەت، چونکە زەحمەتە فەوزای لەو جۆرە زیاد لە جارێک لە قاڵب بدرێتەوە.بۆ کوردییەکی ئێجگار شیرین وەرگێڕدراوە، من لەوانەم زۆر حەزدەکەم هەموو شتێک بە کوردی تاقی بکەمەوە و زمان ڕۆچووەتە قوڵاییەکانی بیرکردنەوەمەوە و لەو باوەڕەدام کە ناتوانم لە دەرەوەی زمان مومارەسەی ئەو شتانە بکەم کە لەناو زماندا دەیانکەم. کوردییەکەی (بیر) تەواو خاوێنە و لەو لایەنەوە تەواو ئەرخەیانت دەکات، وات لێدەکات چێژێکی چڕ لەو ئاسایی بوونە جیاوازەی ڕۆمانەکە ببینیت و حەزت لێبێت جگەرەیەک بە یادی بێ جگەرەیی ئۆنێتی داگیرسێنیت.



بەشێك لە گفتوگۆی سوریالیستەكان

 ئەم کتێبە گفتوگۆی کۆمەڵێک سوریالیستی بەناوبانگە لەسەر مەسەلەی سێکس، ئەزموونێکی گرنگ و تایبەتە و ڕچەشکێنیشە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سیاقە مێژووییەکەی (1928-1932)

شتێکی جیاواز و بەدەر لە بابەتەکە شێوازی دەستبەسەرداگرتن و سنووردارکردنی گفتوگۆکانە لە لایەن ئەندرێ بریتۆنی نووسەری مانیفێستی یەک و دووی سوریالیزم.
کۆی گفتوگۆکان کە لەو کتێبەدا کراون بە دوازدە بەش یان دوازدە دیدار، نازانم ئەگەر زیاتری لێ هەبێت یان هیچ بەشێکی لێ بڕدرابێت، لە هەموویاندا کەمێک دیقەت بدەیت بریتۆن خۆی بە چەقی گفتوگۆکە دەزانێت و لە کوێدا بابەتەکە بەپێی بۆچوونە کۆنزەرڤاتیڤەکانی ئەمەوە نەڕوات، ژاوەژاو دەنێتەوە (کە ئەمە بۆ من زۆر نوێ بوو) و ڕەنگە ئەوە وامانلێبکات بە جۆرێکی دیکە بیر لە کێشەکەی لەگەڵ لویس ئاراگۆن بکەینەوە و تەواوی ڕووداوەکانی دواتر گۆڕانی بەسەردا بێت کە بوونە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سوریالیزم بە شێوەیەکی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراو...
دانیشتنی یەکەم:
پێرێ: ڕاتان چییە لەسەر خۆ ڕووتکردنەوەی پیاوان؟
بریتۆن: ئەوە نەخۆشییە.
دانیشتنی دووەم:
بارۆن: ڕاتان چییە لەسەر هاوڕەگەزخوازی؟
کۆنۆ: وایدەبینم کە ئەمە (مەبەستی سێکسە بەگشتی) لە هەردوو حاڵەتەکەدا -پیاو لەگەڵ پیاو یان پیاو لەگەڵ ژن- کۆمەڵێک مەرجی قبوڵکراو بێت.
بریتۆن: کۆنۆ تۆ هاوڕەگەزخوازیت؟
کۆنۆ: نەخێر.... ئاراگۆن ڕای چییە لەبارەی هاوڕەگەزخوازی؟
ئاراگۆن: بەڕای من هاوڕەگەزخوازی نەریتێکی سێکسییە وەک هەموو نەریتە سێکسییەکانی دیکە، بابەتەکە بەلای منەوە پەیوەندی نییە بەهیچ ئیدانەکردنێکی ئەخلاقی....
بریتۆن: بەتەواوی ناڕەزاییم هەیە لە بەردەوامبوونی گفتوگۆکە لەسەر ئەو بابەتە، ئەگەر مەبەستەکە ڕیکلام کردنە بۆ هاوڕەگەزخوازی، من یەکسەر لە گفتوگۆکە دەکشێمەوە.
ئاراگۆن: دوور و نزیک بابەتەکە پەیوەندی بە ڕیکلام کردن بۆ هاوڕەگەزخوازی نییە، گفتوگۆکە خەریکە ئاراستەی دەمەقاڵێ وەردەگرێت...
بریتۆن: ئایا دەتانەوێت لە گفتوگۆکە بکشێمەوە؟
(کۆنۆ بابەتەکە دەگۆڕێت)
ئاراگۆن: چ گرنگییەک بەو بیرۆکانە دەدەن کە ژنێک (کە سێکسی لەگەڵدا دەکەن) هەیەتی لەبارەی توانا سێکسییەکانتان؟
بریتۆن: با نەمێنێت ئەو ژنەی لەو لایەنەوە هەڵمدەسەنگێنێت...
دانیشتنی سێیەم:
جینباخ لەسەر مەسەلەی خۆشەویستی و ڕۆح و جەستە چەند تێبینییەکی هەیە کە لە هەموویاندا بریتۆن زۆر بە توندییەکی ڕوونەوە وەڵامی دەداتەوە...
بریتۆن: ئەو گوزارشتە میتافیزیکییانەم زۆر بۆ گرنگ نییە، دەمەوێت درێژە بە گفتوگۆکە بدەین
جینباخ: لەو حاڵەتەدا، پێم باشترە کە وەڵامی پرسیارەکانتان بدەمەوە
بریتۆن: لێرەوە ڕایدەگەیەنم کە قبوڵ نییە جینباخ بمنبات بۆ بابەتگەلێکی دەرەوەی ئەم گفتوگۆیە....
دوای کۆمەڵێک پرسیار کە وەڵامەکانی پێناچێت ئەوە بێت کە بریتۆن دەیەوێت، بە جینباخ دەڵێت: تۆ ڕێزی ڕێساکانی یارییەکە ناگریت و لەمپەر دەخەیتە بەردەم گفتوگۆکە لەبەر کۆمەڵێک گرێ لەناوتدا کە دەتوانین بە ئاسانی هەستی پێبکەین...
لە هەموو گفتوگۆکانی دیکەشدا لە خاڵێکدا دەیەوێت دەست بەسەر ڕێڕەوی گفتوگۆکاندا بگرێت و پرسیار و بابەتەکان بەو ئاراستەیەدا بگۆڕێت کە خۆی دەیەوێت، لە چەند شوێنێکیشدا گوزارشتی:
"با پێنج خولەک لەگەڵیدا پێبکەنین" بەکاردەهێنێتەوە بە مەبەستی گاڵتەکردن یان سوکایەتی بە وەڵامی یەکێکیان. هەر لە چەند دانیشتنەکەی سەرەتا ڕوون دەبێتەوە بریتۆن چۆن بیردەکاتەوە و لەسەر چ هێڵێک دەڕوات، هەر ئەو ڕوونییەش ئەو بیرۆکەیە دەداتە خوێنەر کە پێچەوانەی ئەوەی بیرمان لێدەکردەوە بریتۆن دەیەوێت سوریالیزم یان یەکێک لە دەرکەوتنە هەرە گرنگەکانی سوریالیستەکان سنووردار بکات و ڕێسایەکی هەرە گرنگی ڕێبازەکە بە ڕوونی تێکبشکێنێت و دوور نییە هەر ئەمیش بەو خاوەندارێتی کردنە بووبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی بزووتنەوەکە.


برینا ڕەش

 ڕەنگە ئەو کتێبە تاکە کتێب بێت کە من بە کوردی خوێندبێتمەوە و ئەو قسەیەی بۆرخێسی بیرهێنابمەوە کە دەڵێت: "زۆرتر لەوەی وەرگێڕان ناپاکی بێ لە بەرهەمی ڕەسەن، بەرهەمی ڕەسەن ناپاکییە لە وەرگێڕان".

لەکاتی خوێندنەوەی برینا ڕەش، دەتوانیت وایدابنێیت وەرگێڕەکە لەناو کەشتییەکی بۆشاییدا بووە و هەر لاپەڕەیەکی بە ئاسمانی شارێکی کوردستانەوە وەرگێڕاوە...
هەرگیز پێش خوێندنەوەی ئەو کتێبە لەو باوەڕەدا نەبووم دەکرێ شێوەزارەکەی ئێمەش لە داهاتوودا کەلێنێکی زمانی ستانداردی کوردی پڕ بکاتەوە، بەڵام شێوەزارەکەی ئێمە وادیارە لەوە گەورەترە کە ئێمە خەیاڵمان بۆ کردبوو..
خەوشێک لەو قسەیەدا نادۆزمەوە ئەگەر بڵێم ئەو وەرگێڕانە باشترین وەرگێڕانی کوردییە کە تا ئێستا خوێندوومەتەوە و شتێکە شایەن بە شان و شکۆی بەرزی موسا عەنتەری جەنگاوەری زمانی کوردی و ئەگەر دەرفەتی خوێندنەوەی هەبوایە، هێندەی نووسینی بە وەرگێڕانێشی کەیفخۆش دەبوو.
کتێبەکە خۆی کتێبێکی شانۆیی شیرینە و ئەدەبێکی جوانە کە بە کرمانجی نوسراوە، بەڵام دەکرا بە جۆرێک وەربگێڕدرێتە سەر سۆرانی کە ئەو ئینتیباعه لای خوێنەر جێنەهێڵێت و وەک هەر شانۆ/کتێبێکی دیکەی ڕاگوزەر لێی بڕوانرێت، بەڵام لێرەدا ئیتر دەنگی وەرگێڕان بەرزدەبێتەوە و پێمان دەڵێت کە وەرگێڕ هێندەی نووسەر و زیاتریش لە هێشتنەوەی بەهای ئەدەبی و فیکریی دەق بەشدارە، ئەگەر تیۆری "موت المؤلف"ـی ڕۆلان بارت هەموو شتێک بگرێتەوە، وەرگێڕ و وەرگێڕان لێی بەدەرن و ناچنە ژێر بارییەوە.


مەرگی مێژوونووس و جوانیناسی

 (جمالیات القبح - جوانییەکانی ناشرینی) دەستەواژەیەکی هونەری ئەدەبییە، ڕەخنەی جوانی دەکات وەک چەمێکی سنووردار و جێگیر، بە کۆمەڵێک پێوەری چەقبەستووەوە کە دەرەوەی ڕووبەری بازنەی ئەو پێوەرانە ڕاستەوخۆ بازنەی دژە جوانیی یان ناشرینی دەست پێدەکات. وەک ئەمبێرتۆ ئیکۆ پێی وایە جوانی دەکەوێتە چوارچێوەی سنورێکی کێشراو، بەڵام سنوورەکانی ناشرینی کۆتاییان نییە، بۆیە ناشرینی ئاڵۆزتر و جۆراوجۆرترە.

هەڵبەت ئەو چەمکە هەر لە ئاستی جوانی و دژە جوانیدا ناوەستێت، بەڵکو ڕووبەڕووی ئەو دیوارە ئەستوورە وەهمییە دەبێتەوە کە لەنێوان جوانی و ناشرینیدا درووستکراوە و لەیەکیان جیادەکاتەوە وەک دوو بابەتی دژیەکی لێک جیاواز.
چەمکەکە فراوانتریشە ئەگەر عەلی بەدر وەک نموونە وەرگرین کە (لە زۆرێک لە بەرهەمەکانیدا) بە ڕوونی کاری لەسەر ڕێژەیی کردنەوەی هەردوو چەمکەکە کردووە بە هەمان ئەندازە. دەکرێ لە ناشرینیدا جوانی هەبێت و لە جوانییشدا ناشرینی هەبێت. ئەو دوو چەمکە دانەبڕاوترین دوو چەمکن لە یەکەوە و هیچیان بێ ئەوەی تر بوونی نییە. هەمیشە عەلی بەدر کەسایەتییەکی هەیە کە بکوژە/کەسێکی داماڵراوە لە هەموو پێوەرەکانی ئەخلاق و جوانی، بەڵام مرۆڤێکی جوانە یان یەکێکی هەیە تەواو مەبدەئییە و بە پێی هەموو پێوەرەکان قبوڵکراوە، بەڵام ناشرین و نابووتە. ئەمە لە تەنیشت تابلۆکەی پیکاسۆ (کچەکەی بەردەم ئاوێنە) کە ئەویش نموونەی ئەو دەستەواژەیە و جوانی و ناشرینی هەم تێکەڵ دەکاتەوە و هەم ڕێژەییان دەکاتەوە بەوەی دەکرێ هەردووکیان لەوەی تردا دەرکەون.
خۆشبەختانە دواجار لە ئەدەبی کوردییشدا ئەزموونێکمان هەیە کە بەتەواوی هەموو ڕوویەکی ئەو چەمکەی نماییش کردووە لە زیاتر لە نموونە/کەسایەتییەکدا. ئەم کتێبە جنێو و درۆ بەو نموونەیە وەردەگرێت کە دەکرێ بە دوو ئاراستەی جیاوازدا بڕۆن و لە خاڵێکدا بەتەواوی لە هەردوو جەمسەردا بتوێنەوە.
"دەبێت بڕوامان بە زۆر شت هەبێت، هەندێک جار درۆ جۆرێکە لە ڕاستی"
کامیار، لە زیاد لە وێستگەیەکی ژیانی درۆ تێکەڵی ڕاستی دەکات، کە هەندێکجار درۆکانی بەشێکیشن لە ڕاستی و هەندێکجار هەر بەتەواوی ڕاستین.
خەلیلی مێوژفرۆشیش چێژ لەوە دەبینێ خەڵک جنێوی پێبدەن، چونکە پێی وایە مرۆڤ دەبێ جنێوبدات بۆ ئەوەی ڕووە ناشرینەکەی خۆی بناسێت.
دواجار دەکرێ لەگەڵ ڤانکوخ هاوڕا بین کە دەڵێت: "تایبەتمەندیگەلێک لە شتە ناشرینەکاندایە کە نایاندۆزینەوە لەناو شتە جوانەکاندا" لەبەرئەوەی ناشرینی تەنیا دیاردە یان جوزئیەتێک نییە، بەڵکو نیوەی دووەمی پەیدابوونی هەموو شتێکە.