السبت، 9 ديسمبر 2023

یاس خزر لە خەیاڵی خێزانیماندا

 تازە دەچوومە قوتابخانە و فێری لێکدانی پیتەکان و خوێندنەوەی وشە ببووم، حەزم لێبوو لەگەڵ باوکم بڕۆم بۆ هەموو شوێنێک بۆ ئەوەی لە جامی سەیارەکەوە تابلۆی سەر دوکان و خواردنگە و چایخانەکانی سەر ڕێگا بخوێنمەوە. باوکم سەیارەیەکی ڕەساسی جوانی هەبوو، بەتەواوی لەبەرچاومە بە هەموو وردەکارییەکانییەوە. ئەوکات تاکە شت کە سەرسامی بووم باوکم و شتەکانی بوون.

کاسێتێکی سەوزیشی هەبوو، ئەو کاسێتەی گۆرانییەکانی یاس خزری تێدابوو. شەوان لە موسەجەلی سەیارەکە دایدەگیرساند و گوێی لێدەگرت، بە ڕۆژیش لەو لایتی شەحنەی کە لە هەمان کاتدا ڕادیۆ و موسەجەلیش بوو.
ئێستا لە مۆبایلەکەیەوە باوکم هەواڵی تەندرووستیی خراپی یاس خزر دەخوێنێتەوە، بۆ من یان بۆ خۆی نازانم. لەبەر خۆیەوە دەڵێت: ئااای دنیا...
یادگارییەکانی هەردووکمان وەک برووسکە دێنەوە خەیاڵمان، ئەو یادگارییانەی حەزمان لێی بێ یان نا ئازارمان دەدەن.
بیرم دەچێتەوە دوێنێ زۆر توڕەبووم لێی و چەند جارێک ویستبووی گفتوگۆم لەگەڵ بکات و لە کورتی بڕاندبوومەوە، پرسیم: بابە، تۆ چۆن یەکەمجار یاس خزرت ناسی؟
ڕووی دەکاتە من و دەڵێت: لەگەڵ خاڵە ---- دەچووین بۆ بەغدا، لە ڕێگا....
تەلەفۆنێکی بۆ دێت و وەڵام دەداتەوە. هەڵدەستێت دەڕوات...
خۆم چیرۆکەکە تەواو دەکەم:
باوکم بە کراسێکی سپی و قژێکی درێژی داهێنراوەوە کە لە ڕوشدی ئەبازە دەچێت، لە ناو سەیارەیەکی مۆدێل کۆندا لە تەنیشت شۆفێرەکە دانیشتووە و بەدوای گۆرانییەکی باشدا دەگەڕێت کە هاوەڵییان بکات بۆ سەفەرێکی درێژ...
کەناڵێک دەکاتەوە و دەنگێکی خۆشی گوێ لێدەبێت، نازانێت کێیە تەنیا دەزانێت دەنگێکی خۆشە..
بەبێ ئەوەی گۆرانییەکە بزانێت، وەک ئەوەی یەکێک بە نهێنی پێی گوتبێت (إقرأ) گۆرانییەکە دەڵێتەوە:
"ولو تزعل ولو ادري
العتاب يعذب الخاطر
لکن لا ماخلي
الخصام يدوم للاخر"
باوکم، کە جوانترین پیاوی سەر زەوییە گۆرانی دەڵێت و دەستی دەخاتە سەر دڵی و دەزانێت ڕۆژێک یەکێک زیاد لەوەی پێی وایە لە ئەو دەچێت و لەگەڵ هەموو لێدانێکی دڵی یادەوەرییەکانی ئەو هەڵدەهێنێتەوە...

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق