السبت، 9 ديسمبر 2023

دوو پیاو، دوو دنیا... یەك دونیابینی.

 خالید موتڵەگ و عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا کە وەک ئێمە بوونیان لێناوەشێتەوە...

خالید موتڵەگ لە چاوپێککەوتنێکدا کە لێی دەپرسن کەی دەوەستیت لە خوێندنەوەی ڕۆژنامە؟ دەڵێت:
"میدیا بە گشتی وەک سەرئێشەیەکی سەردەمی لێهاتووە و ڕۆژنامەوانی بووەتە پیشەی ئەوانەی کە لە هیچ پیشەیەکی دیکە نازانن".
میدیا (لە ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و ڕادیۆوە تا سۆشیاڵ میدیا) ئیتر لەجێی هەمووان بیردەکاتەوە، باکگراوندی مەعریفیی کەسێک کە ئەکاونت یان ماڵپەڕێک بەڕێوەدەبات هی هەموو ئەوانەیە کە دەیخوێننەوە و تێیدا دەنووسن. ئەو هەڵگەڕانەوە جادوییە خالید موتڵەگ و عەبدولموتەڵیب فڕێدەداتە ژێری ژێرەوە کە ڕازی نین کەس لەجێی ئەوان بیربکاتەوە و مەرجەکانی ئەو سەرئێشەیەیان قبوڵ نییە.
ئەو بیرکردنەوە میسالییەی هەموومان لە چوارچێوەی ئامرازەکانی بەردەستماندا نمایشی دەکەین، ئەو کەمینەیە وندەکات کە بەڕاستی میسالین و دەیانەوێ ئەو شکاوییانە چاک بکەنەوە کە ئێمە دەمانەوێ بە بەرگی جوان جوانەوە قەناعەت بە هەمووان و بە پلە یەک بەخۆمان بێنین کە ئەوە شکاوی نییە و ئەوپەڕی سەلامەتییە.
خالید لە شوێنێکی دیکەی چاوپێککەوتنەکە دەڵێت: "ناتوانیت سۆشیاڵ میدیا بکەیتەوە بێ ئەوەی بە دەستەکانت گوێیەکانت نەگریت و نەڵێیت ئای خوایە منیش خەریکە شێت دەبم".
دواجار باوەڕم بەوە هێناوە کە هەموو ئەو هەرایەی ئێرە جۆرێک لە خۆسەلماندنە و هەمووان بە پێویستی دەزانن لە پەراوێز بێنە دەرەوە و بڵێن ئێمەش هەین! هەر بەختیار عەلی نانووسێت منیش دەنووسم... هەر عەزیز گەردی کتێب وەرناگێڕێ منیش دەیکەم. ئەو دەخوێنێتەوە، منیش هەروەها...
ئەو لە هەموو لایەک خۆ بە پەراوێز بینینە و ئەو هەوڵانەش کە دەدرێت بۆ دەرچوون لێی جددیەتی بۆ هیچ شتێکی ئێرە نەهێشتووەتەوە و هەمووی چووەتە قاڵبی ترێندێکی نەخۆشانەوە، هەر ڕۆژێکیش نەتسەلماند سیناریۆیەکی نوێترت پێیە بۆ دەرخستنی زۆرترین ڕەگەزی شۆکهێنەر لە کەسێتیتدا، حسابەکەت سفر دەبێتەوە و دەکەویتە پاشکۆوە! وەک ئەوەی تۆ قۆشمەیەک بیت و زۆرترین خەڵک سەرسام بکەیت بۆ ئەوەی هۆڵی نمایشەکەت جێنەهێڵن و بە حەسرەتەوە بمریت...
ئیتر ئەمڕۆ یان ئێستا لەو دووانە تێدەگەم کە دروشمەکەیان ئەو قسەیەی خالیدە: "پێویستە ئەو تەختی شانۆیە بەجێبێڵیت، تۆ لە جیهانێکی هەڵەدایت".




ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق