الأحد، 10 ديسمبر 2023

إلی جمانة حداد

 الجسدُ نهرٌ

على طول ذلك النهر
العطار يملأ الزجاج بالرائحة
ليلة السمراء أطول من نهارها
والثلجية البيضاء أكثر سمكاً
الأسود يملك كل شيء أكثر
لقد أعمتني تلك الألوان
البطن حصى الفلسفة
والنواة بحيرة مليئة بالسمك
الحداد هزّ مطرقته
لقد كان يشحذ فم القمر
حيث كان ظاهراً
بين نهدين عاريين
فلاح يزرع الأرض
وجد جرة مليئةً بالذهب في حلمه
زوجته فسرت له الحلم:
الأرض هي جسدي،
احزر، ما هي الجرة؟


دلشاد عبداللە
ترجمة عن الكوردية: خلات





نامۆ لە هەمووان

 من سەماکەرێکی شپرزەم،

لە پێناوی تۆ لەو کەوتنە هەستامەوە...

لە قوتویەکی ماسی سەردین، کە لە مەغریب دروست کراوە
من سەری بیبەرێکی تیژم،
هەر کەسێک لە ڕۆژهەڵات کە قوتوەکە دەکاتەوە، فڕێم دەدات.
لە پاسێکی قەرەباڵغدا،
من ئەو سەرنشینەم کە لە ترساندا دەلەرزێت،
لە کاتی سەرکەوتنی چاودێرەکە.
لە پاکەتێک شقارتەی تەڕدا،
من تاکە دەنکێکی وشکم.
لە كاروانی حوشترە عەرەبییەکان،
من حوشترێکی دوو کۆپارە و
کەنغەرێکی بێ گیرفانم.
من ئەو یاریزانەم کە بە کارتی سوور کراوەتە دەرەوە.
من ئەو قوتابییەم کە چوونە پۆلی لێ قەدەغەکراوە.
من ئەو شاعیرەم، کە شاعیر و عاشقەکان ڕقیان لێیەتی و بە دزییەوە قەسیدەکانی دەخوێننەوە.
من ئەو کوڕە ئاوارەیەم،
کە هیچ وێنەیەکی بە ماڵەکەیدا هەڵنەواسراوە و
خاوەنی هیچ کلیلێکی تایبەت بەخۆی نییە.
من شووشەیەکی داڕزاوی بیرەم،
بۆنی نانێکی سوتاوم
دەنکە شقارتەیەکم کە دەستەکان دایدەگیرسێنن و
هەوا دەیکوژێنێتەوە.
من خوێنی شاعیرە فڕێدراوەکانی سەر شۆستەم،
کە دکتۆرەکان بەسەریانەوە دەگرین.


لوقمان دێرکی
و: خەڵات عەلی


لوقمان دێركی و نماییشی سادەیی

 هەموو جارێک پێش شاعیر، شیعرم هەڵبژاردووە...

زۆرجار بەر کۆمەڵێک دەقی باشی نووسەرێک کەوتووم، لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک دەقی خراپی هەمان نووسەر.
جگە لە لوقمان دێرکی!
کە دەقە خراپەکانیشی، ئەو دەقانەی زۆر سادە و ئاست نزمن، پڕن لە نمایشێکی گەورەی دەسەڵات بەسەر هەموو ئامرازەکانی نووسین.
ئەو سیحرەی لە نووسینەکانیدایە و من هێندە بە زەقی هەستی پێدەکەم، ڕەنگە بەهۆی زمانی شیعریی بەهێز و پەیامی گرنگ و ئەو ڕێسایانە نەبێت کە شیعر لە جۆر و ڕەنگێک قەتیس دەکەن.
ئەوەی لە لوقماندا جوانە ئەو شێوازی یاخیبوونە زۆر جیاوازەی نووسینە، کە ناکەوێتە ژێر هیچ یاسایەک و بە هیچ یاسایەک لێپێچینەوەی لێناکرێت.
لەوانەیە سەرەتای شیعرەکە بە کۆمەڵێک وێنەی ئەدەبی نایاب و دەستەواژەی دڵبەر بنووسێتەوە و لە ناوەڕاستەوە بیکاتە تێکستێکی لە ئاسایی ئاسایی تر.
یان لەوانەیە لە سەرەتا و کۆتاییدا بەجۆرێک بنووسێ کە خوێنەر هەست بکات شتێک دەخوێنێتەوە کە هەمووان دەتوانن بینووسن، بەڵام لە ناوەڕاستەوە ئەوەندە شیعرە، کە پێویستیت بە باکگراوندێکی ئەدەبی چاکە بۆ ئەوەی بزانیت دەیەوێ بڵێ چی...
هەرگیز حەزم لە دووبارە خوێندنەوەی کتێب یان دیوان نەبووە، بەڵام دوای چەندین جار خەتم کردنی هەموو ئەوەی لوقمان نووسیویەتی، هێشتا دەمەوێ لە سەرەتاوە دەست پێبکەمەوە...



كاترین...

 کاترین!

شاکانی لای ئێمە هەرگیز لە شاکانی ئێوە ناچن. هەموو پیاوێک لای ئێمە شایەکە بۆ خۆی، ڕووبەری دەسەڵاتی ئەو شایانەی ئێمە هێندە بچووکە، کە وەک ئاودەستخانەی چایخانە و هۆتێلەکان بە تەنیشت یەکەوەن. ئەو شا گچکانە لە ژنەکانیان دەدەن، قژیان ڕادەکێشن، بەسەر منداڵاندا دەنەڕێنن و ناچاریان دەکەن بە زگی برسی بخەون، لەبەرئەوەی خواردنەکەیان لەبەردەم میوانە ورگنەکانیانا دادەنێن!
بەڵام کاتێک دەچنە خزمەت ئەو شایانەی کە لە خۆیان گەورەترن، لەسەر ئەرزەکە دەکەونە سەر چۆک و خۆڵی ژێر پێیان ماچ دەکەن. ئامادەن هەموو شتێ بکەن بە مەرجێ زەردەخەنەیەکی بچووک لەو شا گەورانەوە بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.


لە "با"وە بۆ شۆستەكان

 پەنجەکانت هی بان،

کاتێک هیچ شەمەندەفەرێک نادۆزیتەوە کە تێیدا پێشوازی لە ژنێک بکەیت…

پەنجەکانت هەمووی هی شەمەندەفەرن

کاتێک ئەو عەرەبانەیە نادۆزیتەوە کە ژنێکی هەڵگرتووە..

پەنجەکانت هی هەموو پەنجەرەیەکن…

کاتێک لە هیچ یەک لە پەنجەرەکانەوە ژنێک دەرناکەوێت…

پەنجەکانت هی ڕێگای ئاسنینن

تا هەموو فارگۆن و گەشتیار و کەلوپەلەکانی شەمەندەفەرەکە بە تەواوی بەسەریدا تێ بپەڕن.

کاتێکیش کە دەزانیت ئەو فارگۆنەی کە ژنەکەی هەڵگرتووە تێپەڕیووە، بە تەواوی تێک دەشکێیت.

دوای ئەو هەموو دوودڵی و ڕاوەستانەی بەر ئاوێنە،

پاش مەشق و ڕاهێنانێکی ماندووکەر

بۆ تێپەڕین بەو شەقامەی کە ماڵەکەتانی لێیە بێ ئەوەی شپرزە بم

دوای ئەوەی وەک هەورەبروسکە بە بەردەمتدا تێ دەپەڕم،

بە ئەنقەست لەبەردەم قاچەکانتدا، ناونیشانی خۆم لەبیردەکەم.

ئەها ئەوە منم کە لە دەرگات دەدەم

بەڵام ئایا نائومێدیم چەند گەورە دەبێت،

ئەگەر لەوێ نەبیت؟

چونکە من ناتوانم جارێکی دی ئەو ئازایەتییە دووبارە بکەمەوە.

بە هێواشی دەمجوڵێنێت، بۆ ئەوەی پێم بڵێ “بەیانیت باش”

جەستەی جێهێشتووم بۆ گەرمی و خەو

بە هێواشی دەیجوڵێنم، بۆ ئەوەی پێی بڵێم:

“ئێوارەت باش”

بەرەو لای ئاگردانەکە دەڕۆم،

ماوەیەکی زۆرە ڕۆیشتووە و دوو خووی بۆ بە جێهێشتووم:

یەکەمیان ئەوەیە کە سەرینەکە دەجوڵێنم و

 بە نوێنە بەتاڵەکە دەڵێم “ئێوارە باش”

دووەمیشیان تا بەیانی بێدار دەبم

بەبێ ئەوەی کەسێک بە “بەیانیت باش” ئاگام بێنێتەوە.

لە گوڵێک دەپرسم،

لە قەسیدەی ناو جانتاکە

“ئەو خۆشی دەوێیت و ئاگادار نەبووە”

لەو ژاکانەی ناو دەستی دەپرسم

لە پیتە هەڵگەڕاوەکانی ناو قەسیدەکە

“ئەو چیتر خۆشی ناوێیت و ئاگاداریش نەبووە”

نەریتی پیاوەکە ئەوەیە چاوەڕێ بکات

نەریتی ژنەکەش ئەوەیە کە نەیەت،

نەریتی پیاوەکە کورسییەک و چاو بڕینە دەرگایە

نەریتی ژنەکەش ئەوەیە کە لە دەرگا نەدات

جارێک هات و لە دەرگای دا،

بەڵام پیاوەکە هەر لەسەر کورسییەکە مایەوە

ئەی ئەو هەترەبوونەی تاجی ئاگاییت لەسەر نراوە

ئەی ئەو گوڵەی باخچەکانی ونکرد و لە پێدەشتەکاندا ڕوا، بێهوودە دەستەودامێنت دەبم.

ئەی ئەو باڵانەی کە کەوتن و چۆلەکەکانیان لە هەوادا مانەوە، جگە لە پەڕ و چریکە چیترن؟

“با” کێیە دوای قژە درێژەکەت؟

شۆستە کێیە دوای پێیە بچکۆلەکانت؟

دڵخۆشم پێت

وەک ئەو پەیکەرەی کە تازە دۆزراوەتەوە…

لە شەقام خەمی تۆمە و لەسەر شۆستە خۆشم دەوێی

کاتێکیش جەنگ هەڵدەگیرسێ

لەبەردەم ئەو شەقامەی ماڵەکەتان وەک بەرگریکارێک دەوەستم

لەسەر شۆستەکان گوێم لە ترقەی پێڵاوەکان دەبێت

لە هەموو چاوێکیش نیگای تۆ دەبینم

وێنەی هەموو پیاوان لەسەر پەنجەرەکەی دەسڕمەوە

کاتێکیش دەگەڕێمەوە بۆ ژوورەکەم

هیچ شتێک ڕامناچڵەکێنێ جگە لە “نەبوونت”

کە لە شەوێکی ترسناکدا

بە تەنیا و بە دڵتەنگی

وەک پەیکەرێک کە تازە دۆزرابێتەوە وابوو.

وەک ئەوەی من ئاو بم،

بەردەکان بۆ کەنارەکان دەگەڕێنمەوە..

یاری لەگەڵ “با”دا دەکەم

کە ئەو کەشتیانەی مافیاکانی دەریایان هەڵگرتووە تێ دەپەڕن، ئارام دەبمەوە

کاتێکیش قایەخە بچکۆلەکەی تۆ تێ دەپەڕێ، وەک ئەوەی ئاو بم، بە هەڵم دەبم

لە خۆشیاندا دەمرم کە دەست لە قاچەکانت دەدەم لەکاتی بەرزبوونەوە٭

لە خەماندا دەمرم کە لەکاتی نیشتنەوەدا٭ داخت بۆ هەڵدەکێشم

چاوەڕێت دەکەم..

کاتێکیش کە نایەیت

شەپۆڵەکانم بەسەر خۆمدا دەدەم و وشک دەبمەوە

وەک ئەوەی ئاو بم

گوڵەگەنم لە لانەی دڕندەکاندا نەیتوانی تۆ بدۆزێتەوە

هیچ هەڵۆیەکیش لەسەر شانی من نەنیشتەوە

نە تەمەنم لە مەچەکی تۆدا،

نە ئاویشم لە لەرزینی جەستەتدا تەواو نەبوون

ئەو باڵایە نەبووم کە جگە لە تۆ سەر بۆ کەس نەوی نەکەم

ئەو ماسییەش نەبوویت کە هەر جارێک چاوم پێت بکەوتبایە نوقم ببیت

وەک ئەوەی پیاوێک بم تۆڕی جاڵجاڵۆکە لە چواردەوری دڵم دروست بکەم،

سەرنخونم، کراسەکەشم بە جەستەی تۆوە گوڵ دەگرێت..

تۆش لە کراسە ڕەنگاوڕەنگەکەمەوە سەر هەڵدەبڕیت

چۆن دەست پێ بکەم؟

کە دۆزەخەکەم بچوکە بۆ ئەوەی بتخەمە ناوی و

خوێنیشم هەرچەندە سەراوژێر بڕژێت، پێت ناخلیسکێت.

پەراوێز: ٭جزر و مد: بەرزبوونەوە و نیشتنەوەی دەریا، کە بە هۆی هێزی خۆر یان مانگ لە ڕووکاری دەریا ڕوودەدات.


لوقمان دێركی

و: خەڵات عەلی



پیری

بۆ شوێنەکانی منداڵیم گەڕامەوە، بۆ شەقامی لۆگۆف و شەقامی سۆفا و باخچەی لۆکسمبۆرگ.

لەناکاو مەیخانەی بازار سەرنجی ڕاکێشام و باپیرەمم بیر هاتەوە کە جارجار یاوەری دەکردم بۆ ئەوێ، لە ساڵی 1913 لە تەنیشت یەکەوە لەسەر کورسی دانیشتین و هەمووان سەیریان دەکردین وەک ئەوەی هاوەڵمان بن، داوای کوپێکی گەورە لە بیرەی کرد و بۆ منیش داوای کوپێکی بچوک، هەستم دەکرد کە ئازیزم..
ئێستا کە لە پەنجا ساڵیدام، بەداخەوەم بۆ ڕابردوو...
دەرگای مەیخانەکەم کردەوە و داوای کوپێکی بچووکم کرد لە نزیک مێزی چەند کچێکی گەنجی جوان کە بە پەرۆشەوە قسە دەکەن و ناوم دێنن. یەکێکیان گووتی:
"ئۆی، پیربووە، بەڵام ئەوە گرنگ نییە، من سی ساڵی تەمەنم دەبەخشم بۆ ئەوەی ببمە هاوسەری"
زەردەخەنەیەکی خەماویم بۆ کرد و بە زەردەخەنەیەکی سەرسوڕماوەوە وەڵامی دامەوە و هەستام و ون بووم...

-لە "الکلمات"ـی سارتەرەوە...
و: خەڵات


هەولێر و هەولێرییەكان

 -لە ڕووی جیۆگرافییەوە (هەولێر) وەک هەر شارێکی تر لە گۆڕاندایە و ناکرێت وەک زۆنێکی چەسپاو سەیری بکەین. تاکوو حەفتاکانیش (هەولێر) تەنیا قەڵات و دەوروبەری قەڵاتی دەگرتەوە. (هەولێری) تەنیا بۆ (تورکمان) بەکاردەهات. لە هەشتاکان ئەو تێگەیشتنە گۆڕانی بەسەردا هات. لە نەوەدەکانەوە گۆڕانی تر و لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە زۆر گەورەتر بەسەر جیۆگرافیای ئەو شارەدا دێن. پرسیار ئەوەیە چۆن (حەمەئەمین) دەتوانێت لە ڕێگەی جیۆگرافیاوە (هەولێری) دەستنیشان بکات؟


-ئایا هەولێر هەمان پێکهاتە و سیمای سۆسیۆلۆجییانەی جارانی هەیە؟ نەوەیەک لە ڕاپەڕینەوە لەو شارە لە دایک بووە و ئێستا تەمەنی لە سەرووی هەژدەوەیە. کە دایک و باوکی لە ئەنجامی گۆڕانکارییە سیاسییەکانەوە لە شارەکانی ترەوە، بە تایبەتی لە (سلێمانی)ـیەوە بۆی هاتوون. کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیر لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا ڕوویان لە (هەولێر) کردووە و تێیدا نیشتەجێ بوونە. زمانی قسەکردنی ڕۆژانەی (هەولێر) هەرگیز ئەوەی جاران نییە. پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە تەواوی گۆڕاون، کە ئەمە باسێکی سەربەخۆیە و مەبەستم نییە بچمە ناو وردەکارییەکانیەوە، بەڵام دەپرسم ئایا (هەولێر)ـی جارن، نەک هەر خۆی، بەڵکوو شوێنەواریشی ماوە؟

٭ئەو کتێبە وتارێکی ڕەخنەیی کاروان عومەر کاکەسوورە کە چەند ساڵ پێش ئێستا سەبارەت بە وتارێکی ئیسماعیل حەمەئەمین کە لەبارەی حەڤدەی شوبات و هەولێرەوە نوسیوویەتی. هاوڕێیانی ڕێگە لە کتێبێکدا چاپیان کردووەتەوە، لێرە جگە لەو پەرەگرافانەی کتێبەکە پێم خۆش بوو لینکی وتارەکەی ئیسماعیل حەمەئەمینیش لەگەڵ ئێوەدا هاوبەشی پێبکەم بۆ بەرچاو ڕوونی زیاتر لەسەر بابەتەکە:


الدم

 حينما يعطش الإنسان، يشرب الدم حتى!

قضيت حياتي كلها
بجوار المطار
ولم أطر قط.
كان شبابي مكروهاً لدرجة
كنت أحرق إطارات السيارات
لأجعل علم وطني أسود

دیار لطیف
ترجمة عن الكردیة: خلات علي


هاوڕێیانمان

منیش بۆ ئەو کەسە دڵتەنگم کە هێشتا
لە نێوان کانی و سەرابدا پەی بە جیاوازیی تینووێتی نەبردووە
من بۆ ئەو کەسە دەگریم
کە بیرکردنەوە گەورە سیاسییەکەی
وەک جگەرەیەکی نیوە کێشراو لە کەسێک وەرگرتووە
کە لە چەمانەوەکانی جەستەی ڕووتی ژنێکدا
بە دوای دیموکراسییەتدا دەگەڕێ
لەم شۆرەزارە تاڵەدا کاتێ دیموکراسی هەڵە دەکات
ئێمە دەبێ گۆڕستانگەلی تازەمان هەبن
هیچ کەس، تەنانەت باوکی منیش مافی ئەوەی نییە بڵێ:
پشت چاوی هاوڕێیانمان برۆیە.


یاداشتە ڕۆژانەییەکانی نەخۆشێک کە نووسینی لێ قەدەغەکراوە

 ١

تۆ قەدەغەکراویت خۆشەویستەکەم، لە هاتن بۆ لای من

قەدەغەیە دەست لە چەرچەفە سپییەکان یان پەنجە بەفرینەکانم بدەیت

قەدەغەیە دابنیشیت، بچرپێنیت، یان دەستت لەناو دەستمدا بەجێ بهێڵیت

قەدەغەیە لە ماڵەکەمان لە شام،

پۆلە کۆترێک

یان یاسەمینێک یان گوڵەباخێک بهێنیت،

قەدەغەیە بوکەشوشەیەکم بۆ هەڵگریت تا لەباوەشی بگرم

یان چیرۆکی کورتە باڵاکان و شاژنە جوانەکە و جنۆکەکانم بۆ بخوێنیتەوە.

چونکە خۆشەویستم، لە بەشی نەخۆشییەکانی دڵ

خۆشەویستی و تامەزرۆیی و نامە نهێنییەکان زەوت دەکەن.

٢

هەناسەی قوڵ هەڵمەکێشە، ئەگەر هەواڵێکی سەرنج ڕاکێشت لە ڕۆژنامەکاندا خوێندەوە

ئەسپیش هەست بە ماندووێتی دەکات خۆشەویستم،

کاتێک سمی یەکەمی دەخاتە ناو دیمەشقەوە و

سمەکەی دیکەیشی دەخاتە ناو کۆمەڵەی خۆر

٣

ئەو چەند کاتژمێرە خۆت بگرە خۆشەویستم،

چونکە کاتێک شاعیر بڕیار دەدات پێستی گۆی زەوی بە پیتەکان کون بکات و

دڵی ببێتە سێوێک و

منداڵانی کۆڵانە شەعبییەکان گازی لێ بگرن…

کاتێکیش شاعیر هەوڵ دەدەت لە شیعرەکانی

کۆمەڵێک کولێرە دروست بکات بۆ ئەوەی برسییەکانی نان و ئازادی بیخۆن

مردن نابێتە کارێکی بەپەلە

چونکە خۆشەویستم ئەوەی دەنووسێت

دڵەکوتێیەکەی لە پەڕەکانیدا هەڵدەگرێت

٤

تکات لێ دەکەم کە زەردەخەنە بکەیت، تکات لێ دەکەم کە زەردەخەنە بکەیت

ئەی دارخورمای عێراق، ئەی چۆلەکەی شەوانەی ڕەسافە

چونکە دڵەکوتێی شاعیر هەرگیز بابەتێکی کەسی نییە

بەس نییە کە دوای خۆم زمانم بۆ منداڵان و ئەلفوبێم بۆ عاشقان جێهێشتووە؟

٥

سەرینەکەم سپییە،

هەروەها کات و کاتژمێر و ڕۆژەکانیشم، هەمووی سپیین.

بۆیە خۆشەویستم دەکرێت

شتێکی سوور بخەیتە سەر لێوی سافت؟

چونکە مانگێکە من وەک منداڵان خەون دەبینم

 پەپوولەیەکی سووری گەورە سەردانیم دەکات…

٥

داوای قەڵەم دەکەم و پێم نادەن

داوای ڕۆژەکانم دەکەم، ئەوانەی هیچ ڕۆژێکیان نەبوو

پرسیاری دەرمانێکیان لێ دەکەم کە بمباتە نێو دنیای خەونەکان

تەنانەت حەبی خەویش وەک من لەسەر بێداری ڕاهاتووە و ناخەوێت

٧

ئەگەر وەک سەردانیکەرێک هاتیتە لام

هەوڵ بدە ملوانکە و مستیلە بە نقێم نامۆ لەبەر بکەیت

هەوڵ بدە دارستان و درەختەکان لەبەر بکەیت

هەوڵ بدە كڵاوێکی شادمانی وەک پێشانگای گوڵوگوڵزار لەسەر بکەیت

چونکە من لە بازنەکانی لم بێزارم، لە بازنەکانی گفتوگۆش

٨

خۆشەویستم، کەسێکی تامەزرۆ لەو زیندانە تاکەکەسییەدا چی دەکات؟

کە دەرگا و پاسەوان و فەرمانە نەریتییەکان لە نێوانماندان

زیاتر له بیست هەزار ساڵی ڕووناکیمان لە نێواندایە

تامەزرۆ چی بکات بۆ خۆشەویستی و ژەنین لەسەر پەنجە عاجییەکان و

دڵیش هێشتا لە مانەوەیەکی ناچاریدایە

٩

هەست بە تاوان مەکە بچکۆلانەکەم، هەست بە تاوان مەکە

چونکە هەر ژنێک خۆشم ویستبێ

میراتی دڵەکوتێیەکی بۆ جێهێشتووم.

١٠

ئامۆژگاری پزیشک بۆ من:

ساڵێکی تەواو شیعر نەڵێم

ساڵێکی تەواویش چاوەکانت نەبینم و

گۆڕانکارییەکانی دەریا لە چاوە وەنەوشەییەکاندا نەبینم!

ئای خوایە، ئەو ئامۆژگارییە چۆن بە پێکەنینم دێنێت…


نزار قەببانی

و: خەڵات عەلی



چۆلەكەیەك

 خەونم بوو چۆلەکەیەک لە دەمم بێتە دەرەوە کە نەتوانێت بفڕێت و

هاندەران لە دێری یەکەمی قەسیدەکەمدا بیگرنەوە..
سەگێکی وێڵ دوام بکەوێت تا ماڵەوە و
گوێی لێم بێت کە پیانۆ دەژەنم و لەگەڵمدا بگری و
ئازار بچێژێت
پاشان لاساییم بکاتەوە کاتێک کە سەرم بە دیواردا دەکێشم
خەونم بوو خەڵاتێک درووست بکەم بۆ هەژار و دڵتەنگەکان، کە ڕکابەری (خەڵاتی "نۆبڵ" بۆ ڕێزگرتن) بکات و
بە هاوبەشی لەگەڵ کەرێک بیبەینەوە، کە تاقیدەکەمەوە لەگەڵێدا لە لادێ ڕابکەم و میز بکەم و تف بەو دەسەڵاتدارانەدا بکەم کە ئەو خەڵاتەیان پێداوم.
پاشان بڕۆم بۆ سەنتەری شار و
لەبەردەم نیشانەکانی هاتوچۆدا ڕووت ببمەوە و بە چاوێکی ناشرینەوە سەیرم بکەن.
........
........
بەردێک هەڵدەگرمەوە و
بۆ ئۆتۆمبێلەکەی پارێزگاری دەهاوێژم کاتێک بە لامدا تێدەپەڕێت و
کۆمەڵە پۆلیسێکیش تێدەپەڕن و لێم دەگەڕێن ئازاد بم
خەونم بوو کە لەو دارخورمایە نزیک ببمەوە کە باپیرەم لە بێستانە بەردینەکەیدا چاندی و
بێژەرەکان لە نزیکەوە هەواڵیان دەگواستەوە دەربارەی هیتلەر و چۆنیەتی شکستهێنانی جەنگە ڕەشبینانەکەی.
دارخورماکەی باپیرەم لەسەر دیواری یەکەمین قوتابخانەم وەک بچکۆلەیەک وێنەم دەکێشێت
بەجۆرێک کە قوتابییەکانی پۆلی یەک پێی دڵخۆش بن
ئەوانەی کە لە خوێندنەوە ئەزەلییەکانمدان و
من بۆ یەکەمین جار لە پەنجەرەی قەسیدەوە دەیانبینم کە چۆن هەوڵدەدەن قەڵەم دارەکانم لە جانتای قوتابخانەم دەربێنن و بیدزن
زەنگی ژیان لێدەدات و بەخێرایی بەرەو دەرەوەی کات ڕادەکەن
بە دەنگێکی بەرز پێیان پێدەکەنم
هاوسەرەکەم (مۆسیقا) گوێی لێم دەبێت و
وێنە دێرینەکانیان لە یادگەمدا وردوخاش دەکات و
لێدەگەڕێت بێ هۆکار بچمە ناو هەموو نەخۆشخانەکانەوە..


مالیك عەبدوون
و: خەڵات عەلی



خاك


-بۆ هەر چوار پارچە-
بەهار بوو
یەکەم جار بوو باوکم دایکمی دەبینی.
تێگەیشتبوون دەبنە هیی یەکتر.
باوکم ماچی کردبوو. یەکتریان ماچ کردبوو.
بەهاری ساڵی دواتر کە من لەدایکبووم، هەواڵیان بە دایکم دا، لە کوێستانەکانی کوردستانی (عێڕاق) باوکمیان بە کوژراوی دۆزیوەتەوە.
دایکم پرسیبووی: ئەو بارەی هێنابووی لە کوێیە؟
بارە قاچاغەکەی هێشتا هەر لەسەر پشتی قاترەکانیەوە بوو،
هێنابوویان: چوار فەردە پڕ لە خاک.
دایکم گریابوو.
گوتبووی: کوڕەکەشم دەکوژن!
بەهاری ئەمساڵ کە دایکم مرد، بۆ یەکەمجار هاوسەری داهاتوومم بینی.
تێگەیشتین کە دەبین بە هیی یەکتر.
ماچیم کرد. یەکتریمان ماچ کرد.
بەهاری داهاتوو، من دەکوژن.


گوڵێكی بەبەردبوو

 دەگێڕنەوە کە گوڵێک لە نێوان دوو بەردی گەورەدا ڕوا، بەردەکان بە ڕادەیەک گەورە بوون کە هەموو شتێکیان لە چواردەوری گوڵەکە شاردبویەوە و هیچ گیایەک یان کەروێشک یان درەخت یان چۆلەکە یان سمۆرە یان شێرەکوللە یان دۆستەکانی لە گوڵی دیکە نەدەبینی، ئەو قسەی بۆ کەس نەدەکرد و کەسیش قسەی بۆ ئەو نەدەکرد، گوڵەکە جگە لە دوو بەردەکە و ئاسمان هیچی تری نەبینیبوو...پاش چەند ڕۆژێک، گوڵەکە سیس بوو و مرد، مرد و لەو باوەڕەدا بوو کە ئەویش "بەردە"!



بوسەینە ئەلعیسا
و: خەڵات عەلی