من سەماکەرێکی شپرزەم،
لە پێناوی تۆ لەو کەوتنە هەستامەوە...
لە قوتویەکی ماسی سەردین، کە لە مەغریب دروست کراوەمن سەری بیبەرێکی تیژم،
هەر کەسێک لە ڕۆژهەڵات کە قوتوەکە دەکاتەوە، فڕێم دەدات.
لە پاسێکی قەرەباڵغدا،
من ئەو سەرنشینەم کە لە ترساندا دەلەرزێت،
لە کاتی سەرکەوتنی چاودێرەکە.
لە پاکەتێک شقارتەی تەڕدا،
من تاکە دەنکێکی وشکم.
لە كاروانی حوشترە عەرەبییەکان،
من حوشترێکی دوو کۆپارە و
کەنغەرێکی بێ گیرفانم.
من ئەو یاریزانەم کە بە کارتی سوور کراوەتە دەرەوە.
من ئەو قوتابییەم کە چوونە پۆلی لێ قەدەغەکراوە.
من ئەو شاعیرەم، کە شاعیر و عاشقەکان ڕقیان لێیەتی و بە دزییەوە قەسیدەکانی دەخوێننەوە.
من ئەو کوڕە ئاوارەیەم،
کە هیچ وێنەیەکی بە ماڵەکەیدا هەڵنەواسراوە و
خاوەنی هیچ کلیلێکی تایبەت بەخۆی نییە.
من شووشەیەکی داڕزاوی بیرەم،
بۆنی نانێکی سوتاوم
دەنکە شقارتەیەکم کە دەستەکان دایدەگیرسێنن و
هەوا دەیکوژێنێتەوە.
من خوێنی شاعیرە فڕێدراوەکانی سەر شۆستەم،
کە دکتۆرەکان بەسەریانەوە دەگرین.
لوقمان دێرکی
و: خەڵات عەلی

ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق