خەونم بوو چۆلەکەیەک لە دەمم بێتە دەرەوە کە نەتوانێت بفڕێت و
هاندەران لە دێری یەکەمی قەسیدەکەمدا بیگرنەوە..
سەگێکی وێڵ دوام بکەوێت تا ماڵەوە و
گوێی لێم بێت کە پیانۆ دەژەنم و لەگەڵمدا بگری و
ئازار بچێژێت
خەونم بوو خەڵاتێک درووست بکەم بۆ هەژار و دڵتەنگەکان، کە ڕکابەری (خەڵاتی "نۆبڵ" بۆ ڕێزگرتن) بکات و
بە هاوبەشی لەگەڵ کەرێک بیبەینەوە، کە تاقیدەکەمەوە لەگەڵێدا لە لادێ ڕابکەم و میز بکەم و تف بەو دەسەڵاتدارانەدا بکەم کە ئەو خەڵاتەیان پێداوم.
پاشان بڕۆم بۆ سەنتەری شار و
لەبەردەم نیشانەکانی هاتوچۆدا ڕووت ببمەوە و بە چاوێکی ناشرینەوە سەیرم بکەن.
........
........
بەردێک هەڵدەگرمەوە و
بۆ ئۆتۆمبێلەکەی پارێزگاری دەهاوێژم کاتێک بە لامدا تێدەپەڕێت و
کۆمەڵە پۆلیسێکیش تێدەپەڕن و لێم دەگەڕێن ئازاد بم
خەونم بوو کە لەو دارخورمایە نزیک ببمەوە کە باپیرەم لە بێستانە بەردینەکەیدا چاندی و
بێژەرەکان لە نزیکەوە هەواڵیان دەگواستەوە دەربارەی هیتلەر و چۆنیەتی شکستهێنانی جەنگە ڕەشبینانەکەی.
دارخورماکەی باپیرەم لەسەر دیواری یەکەمین قوتابخانەم وەک بچکۆلەیەک وێنەم دەکێشێت
بەجۆرێک کە قوتابییەکانی پۆلی یەک پێی دڵخۆش بن
ئەوانەی کە لە خوێندنەوە ئەزەلییەکانمدان و
من بۆ یەکەمین جار لە پەنجەرەی قەسیدەوە دەیانبینم کە چۆن هەوڵدەدەن قەڵەم دارەکانم لە جانتای قوتابخانەم دەربێنن و بیدزن
زەنگی ژیان لێدەدات و بەخێرایی بەرەو دەرەوەی کات ڕادەکەن
بە دەنگێکی بەرز پێیان پێدەکەنم
هاوسەرەکەم (مۆسیقا) گوێی لێم دەبێت و
وێنە دێرینەکانیان لە یادگەمدا وردوخاش دەکات و
لێدەگەڕێت بێ هۆکار بچمە ناو هەموو نەخۆشخانەکانەوە..
مالیك عەبدوون
و: خەڵات عەلی

ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق