وەرگێڕی ئەو کتێبەی ئانی ئێرنۆی براوەی نۆبڵی ئەدەبیات بۆ ئەمساڵ پێی وایە کە بەرهەمەکانی ئێرنۆ هەمووی تەواوکەری یەکترن و هەموویان بەیەکەوە دەتوانن وێنەیەکی ڕەوانی ئەدەبیاتی ئێرنۆ ببەخشن بە خوێنەر. بۆیە ئەوەی لێرەدا دێت تەنیا لە سنووری ئەو کتێبەی ئێرنۆدایە (الاحتلال) کە باس لەو هەستی ئیرەییە کوێرانەیە دەکات کە ژنێک دوای جیابوونەوەی لە پیاوێک تا ڕادەی داگیرکردن هەستی پێدەکات و ئەو ململانێ دەروونییەی کە لەگەڵ ژنێکی تەواو نەناسراودا دەیکات (ناوازەترین بەشی ئیرەیی ئەوەیە کە شارێک و تەواوی دونیا پڕ دەبێت لە بوونەوەرێک کە ڕەنگە قەت نەگەین بە دیداری. -لە کتێبەکەوە). ئەو کتێبە زۆر ژنانەیە، بەوەی کە بە شێوەیەکی زۆر ڕوون هەڵگری خاسیەتە هەستەکییەکانی ژنە (بە تەواوی بەدەرە لە فێمێنیزم و هەر شتێک کە پەیوەندی بەو بابەتەوە هەیە). زمانێکی خاوێن و واقیعی هەیە و بوێرییەکیش کە دەکرێ وەک ماددەیەکی جوانکاری بۆ ئەو زمانە تەواو واقیعییە زیاد بکرێت دەقەکە لە وشک و برینگی ڕزگار بکات. جوانییەکی تری کتێبەکەش وردییەکەیەتی، ڕووداو و کەسایەتی کەم و چیرۆک و وردەکارییەکی چڕ و بەشداری پێکردنی هەموو شتەکانی دەوروبەر و کردنیان بە بەشێک لە چیرۆکەکە. بە کورتی گێڕانەوەی بابەتێکی زۆر سادەیە بە شێوازێکی تەواو نامۆ و دڵگیر کە وات لێدەکات پێت وابێت لە هەموو هەستێکدا شتانێک هەن هێشتا تۆ تاقیت نەکردوونەتەوە.

ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق