الجمعة، 15 ديسمبر 2023

دەق لە نێوان "مەرگی نووسەر" و زیندووبوونەوەی.

 

 


وتەی مەرگی نووسەر یەکەمجار لە وتارێکی ڕەخنەگر و بیرمەندی فەڕەنسی ڕۆڵان بارت (1910-1980) دەرکەوت بە ناوی "مەرگی نووسەر"  کە لە ساڵی 1968 بڵاویکردەوە. كە لەسەر بنەمای ونبوونی نووسەر لە کاتی ئامادەبوونی دەق بونیادنراوە.

لەبەر ئەوەی دەکرێ -وەک بارت پێی وایە- لە ڕێی چوارچێوە و ناوەڕۆکی دەقەکە یان لەسەر پێکهاتەی زمانەوانی لە وشه و ڕستە و دەنگ و ئاواز و پێکهاتە، لە دەقەکە تێبگەین و شیی بکەینەوە. پێویست بە زانینی چوارچێوەی دەرەکی وەک مێژوو و ژیاننامەی نووسەر و دۆزەرەوەی دەقەکە و دۆخەکەی ناکات.

ڕۆڵان بارت دەڵێت:

"ئەوەی کە قسە دەکات زمانە، نەک نووسەر" ئەوەش لە وتەیەکی "مالارمێ"ـی شاعیری فەڕەنسی نزیک دەبێتەوە، کە دەڵێ:

"ئێمە دێرە شیعر بە فیکر نا، بەڵکو بە وشە درووسن دەکەین"

لە کاتی ونبوونی نووسەر، تێکست دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی خوێنەر. هەر ئەویشە کە لە ڕێی ڕێنوێنییە زمانەوانییە بەکارهاتووەکان بڕیار لەسەر واتاکەی دەدات وەک ئەوەی وەک بەرهەمهێنەرێک پڕۆسەی نووسینی دەق دووبارە بکاتەوە نەک وەک بەکاربەرێک، ئەو تێگەیشتنە لە پەیوەندی نێوان خوێنەر و دەق بنەڕەتێکی پۆست ستڕاکچەلیزمە، بنەڕەتێکیشە بۆ میتۆدی لێکهەڵوەشانەوە کە لەلایەن فەیلەسوفی فەڕەنسی جاک دریدا پەرەی پێدرا.

ئەگەر تەماشای وتەکەی بارت بکەین کە دەڵێ:

"نووسەر باوکی شەرعی تێکست نییە" دەبینین دەمانبات بۆ دەقگەرایی و نێواندەقیێتی، دەقگەراییش بە واتای ئەوە دێت کە دەق یان نووسین هەموو شتێکە، هەموو دونیا تەنیا دەقە.

بەڵام نێواندەقیێتی وای بۆ دەچێ کە هیچ دەقێکی ڕەسەن بوونی نییە و هەموو دەقێک دووبارە بونیادناوەی دەقەکانی پێشووترە، ئەگەر نووسەر هەستی پێبکات یان نا.

لە ئەنجامدا دەگەینە ئەو بڕوایەی کە هیچ نووسەرێک بوونی نییە، هیچ ڕەسەنییەتیەکیش، هەروەها هیچ داهێنانێکیش.

لەوانەیە ڕاگەیاندنی بارت بۆ ونبوونی نووسەر یان مردنی، بێ هیچ پاساو و لێکدانەوەیەک بێ. بەهەر جۆرێک بێ ناکرێ نووسەر تێبپەڕێندرێت. یان ئەو ناوەڕۆکە ئابووری و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی کە دەوری دەقەکە دەدات هەڵبوەشێنرێتەوە. پاشان گریمانەی مردنی نووسەر گرێدانی دەروونی و مەعریفی لە نێوان لایەنه پڕاکتیکییە داهێنەرەکان دەپچڕێنێت کە دەوەستێتە سەر نووسەر و خوێنەر و دەق.

زانینی ئەو بارودۆخانەی کە دەوری دەقیان داوە یارمەتی بە وردی تێگەیشتن و شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی دەقەکە دەدات. چونکە ئەدیب هەمیشه چەندین لایەنی ژیانی لە کارەکانیدا بەکاردەهێنێت. بۆ نموونە زانیاریمان دەربارەی ژیانی ڕۆماننووسی ئینگلیزی ڤێرجینیا وۆڵف (1941-1882) وامان لێدەکات قوڵتر لە ڕۆمانی "بەرەو منارەکە" تێبگەین، کەسایەتی خاتوو ڕامسی کە ڕۆمانەکەی لەسەر بنیات نراوە، کەسایەتییەکی ناسکە، كە زیندووێتی و میهرەبانی لێ دەتکێ و لە ناوەڕاستی تەمەنیدا دەمرێت و بە مردنی ئەو ڕۆمانەکە کۆتایی دێت و ڕووناکی منارەکەش دەکوژێتەوە. کاتێک ڤێرجینیا وۆڵف ژیاننامەکەی خۆی بڵاو کردەوە دەرکەوت کە خاتوو ڕامسی وێنەیەکە لە دایکی کە ئەویش لە ناوەڕاستی تەمەنیدا دەمرێت. نووسەر لێرەدا ئەزموونی خۆی لەگەڵ دایکی دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەوەش بەو واتایە دێت کە توێژینەوە لە ژیانی ئەدیب وامان لێدەکات لەبارەی ئەدەبەکەیەوە زۆرتر بزانین و بە باشترین شێوە له کلتوورەکەی تێبگەین.

بیرم دێتەوە لە کاتی توێژینەوەم دەربارەی ڕۆمانی (پێکەنین) ـی غالب هەلسا، توێژینەوەی مامۆستایەکی زانکۆم دۆزییەوە کە لە گۆڤاری "دادگا" بڵاوکرابوویەوە، کە باسی ئەوەی کردبوو ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە دەربارەی کارەساتەکەی 1967ـە٭ و پشتی بە مێژووی چاپکردنی ڕۆمانەکە لە ساڵی 1970 بەستبوو وەک لەسەر بەرگەکەدا نوسرابوو. بەڵام لە ڕاستیدا غالب لە ساڵی 1966، واتا ساڵێک پێش کارەساتەکە ڕۆمانەکەی نوسیبوو. لە چاوپێکەوتنێکیشدا کە لە کۆتایی ڕۆمانی "پرسیار"ـدا داینابوو باسی لەو بارودۆخە کردبوو کە لە کاتی نوسینی ڕۆمانی "پێکەنین"ـدا پێیدا تێپەڕ ببوو.

بێگومان کە ئەو هەڵەیە وایکرد ڕوونکردنەوە و تێگەیشتن و ئەو ئەنجامانەی کە توێژەر پێی دەگات ڕاست نەبێت. دەکرا پێشی پێ بگیرێ ئەگەر بیڕوانیبایە ژیانی نووسەر.

سەیر نییە کە دەبینین تیۆری ڕەخنەیی لە ڕۆژئاوا بەرەو لێکدانەوە دەچێ، هەروەها وەرگرتن و خوێندنەوەی تیۆرەکان و شەپۆڵەکانی وەک: نیوهیستۆریزم و پۆست کۆلۆنیالیزم و ڕەخنەی ڕۆشنبیرییش(kulturkritik). ئەوە دوای ئەوەی لەکۆتایی شەستەکان ئەستێرەی بزوتنەوەی پۆست ستڕاکچەلیزم ئاوابوو و دوای ئەوەی لە کۆتایی هەشتاکان میتۆدی لێکهەڵوەشانەوە پاشەکشەی کرد. هەر بەو ئاراستەیە دەگەڕێنەوە بۆ گرنگی دان بە توخمە چالاکەکانی ئەدەب و ڕەخنە، لە سەرووی ئەوانیشەوە نووسەر.

بە کورتی، نووسەر وەک خۆی پەخشکەری ژیانە لە هەموو پڕۆسە داهێنەرانەکان ناکرێ دەستی لێ هەڵبگیرێ بۆ تێگەیشتن و ڕوونکردنەوەی دەق، لەگەڵ ئامادەبوونی دەقیشدا نووسەر لە بەرزاییەکدا دەوەستێت لەبەردەم وەرگر، ئەگەر وەرگر خوێنەر بێت یان ڕەخنەر.

 

 

٭جەنگی 1967: لە سوریا و ئوردون و میسڕ بە (کارەساتی 1967) و لە ئیسڕائیل بە ناوی (جەنگی شەش ڕۆژە) دەناسرێت. ئەو جەنگە بوو کە لە نێوان ئیسڕائیل لە بەرەیەک و عێڕاق و میسڕ و سوریا و ئوردن لە بەرەکەی دیکەوە ڕوویدا، کە لە ئەنجامدا ئیسرائیل بیابانی سینا و کەرتی غەززە و جۆلانی داگیرکرد و نزیکەی 15000 کەس تێیدا بوونە قوربانی.



دکتۆر محەمەد قەواسیمە

لە عەرەبییەوە: خەڵات عەلی

 


ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق