نیوەشەوە، دووبارە قسە لەگەڵ سەلاجەکەدا دەکەم
ئەویش هەرگیز وەڵام ناداتەوە، تەنیا گوێدەگرێت..ئەو ماڵە هیچ تارماییەکی تێدانییە جگە لە من...
من، ئەو مرۆڤە-تارماییەم کە بە ژوورەکاندا دەگەڕێت و
شوێنەواری مرۆڤبوونم بەجێدێڵم بۆ ئەوەی بیری خۆمی بهێنمەوە کە هێشتا زیندووم
نیو کوپ چای سارد
جلوبەرگی پیس کە چاوەڕێی شوشتن دەکەن
ئیرەیی بە تۆزوخۆڵ دەبەم لەبەر کەڵەکەبوونیان بۆیە شوێنەواری پەنجەکانم لەسەر ڕەفە تۆزاوییەکان جێدێڵم
داوای لێبوردن لەو شتە بێگیانانە دەکەم کە خۆمیان پێدا دەکێشم،
وەک سەرخۆشەکان ئەوانەی لە درەنگانی شەودا دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، دەیکەن.
لە خۆم دەپرسم ئایا دەکرێت نووسەران هەست بە تەنیایی بکەن؟
ڕاهاتووین بە داهێنانی خەڵکانێک لە عەدەمەوە، هیچ بیانوویەکیش بۆ ئەو هەستەم لەگۆڕێدا نییە
جگە لە پەتاکە و گۆشەگیربوونی تەندرووستی (کەرەنتینە) و
هەموو وشە کۆن/نوێیەکان کە ناچاربووین ئەوساڵ لێیان ڕابکەین.
هەندێکجار هەوڵدەدەم چامەیەک بنووسم -هێشتا دوای نەمری کەوتووم-
بەڵام چامەکە دەپرسێت:
ئەگەر شاعیرێک چامەیەکی نووسی و کەس نەیخوێندەوە، هەر بە شاعیری دەمێنێتەوە؟
پێم وایە بەڵێ، هەر بە شاعیری دەمێنێتەوە بە هەمان ئەو شێوەیەی کە درەختێک هەر بە درەختی دەمێنێتەوە کاتێک بە تەنیایی و بێ دەنگ لە دارستانێکدا بەردەبێتەوە...
وەک درەختێک وابوو و
بۆ ساتێک لێرەدابوو
پاشان بە حوکمی سرووشت ونبوو
وەک ئەوەی لە بنەڕەتدا هەر لێرە نەبووبێت.
نیکیتا جێڵ
و: خەڵات عەلی

ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق