السبت، 9 ديسمبر 2023

نوێژ بۆ ئازارەكانی جیهان...

 وەرە لەسەر ئەوە ڕێکبکەوین کە لە یەکەم یەکتر بینینماندا هەر یەکێکمان نوێژ بۆ کەسێک بکەین،

تۆ نوێژ بۆ پیرەژنەکەی دراوسێمان بکە بۆ ئەوەی خوا ئارامی پێ ببەخشێت
منیش نوێژ بۆ وێنەی مێردەکەی دەکەم کە لەسەرەوەی تەختە خەوەکەدا هەڵواسراوە.
وەرە ڕێکبکەوین...
تۆ نوێژ بۆ ئەو کچە هەتیوەی لای دووڕیانی سەرەتای گەڕەکەکەمان بکەیت و
منیش نوێژ بۆ دایک و باوکی بکەم کە خوا بە حیکمەتێکەوە کوشتوونی..
تۆ قورئان بە عەرەبییەکی ڕێزمانییەوە بخوێنیت و
منیش قەسیدەکەی بۆکۆفسکی بخوێنمەوە لەسەر باڵندە شینەکەی
تۆ چایەکی بە نەعنای وشکەوە ئامادە بکەیت و
منیش قاوەیەکی ئەسمەر، وەک ڕەنگی کلی ژێر چاوت ئامادە بکەم..
تۆ جلەکانت لەبەر جەستەر سورکەڵەکەت دابکەنی و
منیش هەموو جلە زستانییەکان لەبەرکەم
تۆ سۆپاکە لەبەر ئەو ساردییەی کە توشمان بووە دابگیرسێنیت و
منیش سەمای سالسات٭ لەگەڵ بکەم لەسەر ئاوازەکانی مەشروع لەیلا٭٭
تۆ نوێژ بۆ ئازارەکانی جیهان بکەیت تا تەواو دەبن و
منیش هەموو شەوێک نوێژ بۆ خۆمان بکەم
خۆزگە بەیەک دەگەیشتین و شەوێک بەیەکەوە نوێژمان دەکرد
وەرە با ڕێکبکەوین!

٭سالسا: جۆرێکی سەمایە
٭٭مەشروع لەیلا: گرووپێکی موسیقای ڕۆکن

عەبدولباست دەناوەر
و: خەڵات



ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق