پێبكەنە لەگەڵ "سەلڤادۆر
دالی"
عەواد ناسر
لە عەرەبییەوە: خەڵات عەلی
(دیمەنێكی نزیكی ڕووخساری دالی، له كاتێكدا
كە پێشكەشكارەكە دەیناسێنێت بە بینەرەكانی. دەبینین كە هونەرمەندە ناسراوەكە چاوی
لە كامێرا بڕیووە) گفتوگۆكە بە جۆرێك لە جۆرەكان درێژە،بەڵام سەرنجڕاكێشە چونكە
بەو شێوازی گۆكردنە ئیسپانییەی دالی بۆ قسەكردن بە ئینگلیزی بەكاریدێنێت سەرەڕای
ئەوەی ئینگلیزییەكەشی نایابە، دەست پێدەكات. هەروەها بە بیرۆكە مشتومڕ لەسەرەكان
دەربارەی پرسە قورسەكان لە ژیان و هونەردا و هەروەها وێناكردنەكانی بۆ خۆی كۆتایی
دێت. جێی تێڕامانە كە دالی بە درێژایی گفتوگۆكە ناوی هیچ هونەرمەند، شاعیر،
نووسەرێكی نەهێنا جگە لە یەك كەس كە پلەی سێیەمی هەبوو كاتێك والاس لەبارەی
دڵخوازترین هونەرمەندەوە لێی دەپرسێت، ئەویش دەڵێت: "یەكەمیان دالی! دیسانیش
دالی... لەدوای ئەویشەوە پیكاسۆ دێت و جگە لەوانەش هیچ كەسێك بلیمەت نییە".
ناوی فرێدریكۆ گارسیا لۆركای نەهێنا كە یەكێك لە هاوڕێ نزیكەكانی بوو، كە ناوی
چارلی چاپڵنیشی هێنا لە لایەنی ئیرەیی بردنەوە بوو.
پێشكەشكارەكە لێی دەپرسێت بۆچی لە كاتی پێشكەشكردنی
یەكێك لە وتارەكانی یان لێخوڕینی سەیارەكەی كە شاخی كەركەدەن و قەرنابیتی لێ
باركردووە، كڵاوی ژێرئاو لەسەر دەكات؟ لە وەڵامدا دەڵێت:
"ئەو جوڵە سەیرانە دەكەم چونكە زۆر
گونجاوە لەگەڵ تراژیدیترین و گرنگترین لایەنەكانی ژیانم"!
كاتێكیش كە پێشكەشكارەكە گوزارشت لە تێنەگەیشتنی خۆی
دەكات لەو شتانە كە گوتوویەتی (كە ئەوە لەمیانەی گفتوگۆكەدا زۆر دووبارە دەبێتەوە)
دالی بەو وتەیە ڕوونیدەكاتەوە: "شتەكە پەیوەستە بە بیروباوەڕە
فەلسەفییەكانم".
والاس: "كام فەلسەفە؟ من لە پەیوەندی نێوان
قەرنابیت و فەلسەفە تێناگەم".
دالی: "بۆ ئەوەی كاریگەری وتارەكە زۆر گەورە بێت،
وەك ئەوەی لە سۆربۆن دەگوزەرێت، پێویستە لەسەرم چەماوەی لۆگاریتمیی قەرنابیت
بدۆزمەوە".
پێشكەشكارەكە بەو ڕوونكردنەوەیە شێوا و نیشانەی
"پەشێوی"ـی پێوە دیاربوو، دالی ڕوونی كردەوە:
دالی: "ئەگەر وەك دۆزینەوەیەك چەماوەیەكی لۆگاریتمی
لە شاخی كەركەدەندا هەبێت، ئەوا ئەوە نیشانەی پاكیزەییە و یەكێكە لە بەهێزترین
نیشانەكانی چاخی مۆدێرن".
پاشان
زیاتر ڕوونی دەكاتەوە: "مەسەلەكە بەپەلە و زۆر تراژیدییە، لەبەرئەوەی
پاكیزەیی نوێنەری هێزی ڕۆحییە، چونكە وەك ئەوەی دەیزانین لە هەر ئاینێكدا پاكیزەیی
لە ئەنجامی تێكەڵاوی نێوان ئەو خەڵكانە دێتەدی كە هان دەدرێن بۆ ئەنجامدانی
خۆشەویستی، هیچ هێزێكی ڕۆحی لەوە بەهێزتر نییە، یان هیچ بیرۆكەیەك نییە لەوە
ڕۆحانیتر بێت".
كاتێكیش
كە پێشكەشكاری بەرنامەكە لەبارەی كڵاوی ژێرئاوكەوتنەكە و پەیوەندیی بە وتارەكە
دەكات، دالی وەڵام دەداتەوه:
"ئەوە ئاماژەیە بۆ قوڵبوونەوە، بەرجەستەكردنی كەسایەتیی مەلەوان واتای ئەوە
دەگەیەنێت كە تۆ لە قوڵاییدا مەلە دەكەیت، ئەوەش كردنەوەی ڕێگایە بۆ جەماوەر".
والاس:
پێش ئەوەی بێینە ناو ستۆدیۆ داوات لێكردم پرسیاری ئیحراجكەرت لێبكەم، بۆچی؟
دالی:
"لەبەرئەوەی حەزدەكەم ببمە قۆشمە (مهرج).. چارلی چاپلن قۆشمەیەكی ناوازەیە،
لە كاتێكدا كە من نیگاركێشێكی ناوازەم. دەبێتە شتێكی سەرنجڕاكێش ئەگەر هەردوو
تایبەتمەندییەكە بەیەكەوە كۆ ببنەوە، چارلی چاپلن تەنیا وەك قۆشمەیەكی ناوازە
دەمێنێتەوە، لە كاتێكدا دالی دەبێتە نیگاركێشێكی ناوازە و قۆشمەیەكی ناوازە لە
هەمان كاتدا، چونكە چاپلن ناتوانێت وەك دالی نیگار بكێشێت".
پاشان
بەردەوام دەبێت: "قۆشمەكردن و حەز و تەكنیكی دەركەوتن، هەمووی بەیەكجار تەنیا
لە پێناو گوزارشت كردنە لە كەسایەتیی دالی".
والاس:
یەكێك لە گرنگترین تابلۆكانت بریتییە لە (خەوتن) سوودی ئەو تابلۆیە چییە؟
دالی:
"ئەوە شتێكی زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی بەردەوام لە ساتەوەختی خەوتندا ئیش دەكەم،
باشترین بیرۆكەكانم لە ڕێی خەونەكەكانمەوە دەردەكەون".
ئێمە
نابێ سەراسیمە بین لە كەسایەتیەكی ڕەفتار سەیروسەمەرە ئەگەر گۆڕانكارییە فیكری و
سیاسییەكان هەڵوێستەكانی بۆ دیاریبكەن، دالی گەنجێكی شۆڕشگێڕە كە دەستبەسەركرا بە
تۆمەتی ئاژاوەگێڕی و ڕەواج دان بە بیرۆكە شۆڕشگێڕییەكان، لەبەرئەوەی بەرگری لە
یەكێك لە مامۆستا چەپەكانی كرد لە ئەكادیمیادا و پاشان سۆزی بۆ ژەنەڕاڵ فڕانكۆ
جوڵا، وەك چۆن هیتلەر هەندێك تابلۆی كێشابوو بۆ ئەوەی پاش مردنی سامانێكی گەورەی
هونەری و دارایی بەجێبهێڵێت، ئەو ئابڕووچونەشی كە بەو وتەیە وەسفی دەكرد:
"بەشێك لە فەرهەنگی نەتەوەیی
پێكدەهێنن".

ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق