لە شوێنێکی کەللەسەرمدا
داپیرە گەورەکەمم دۆزییەوە لەسەر مێزی چێشتخانەکەیدا دەگریا و
دەستەکانی بە ئارد داپۆشرابوون
لەناو فرمێسکەکانیدا بەلەمێکی تێکشکاوم دۆزییەوە
کە خۆی بە بەردەکاندا کێشابوو و لێک هەڵوەشابووەوە
ئەلبوومێکی وێنەی زەردهەڵگەڕاوم دۆزییەوە
لە ناو ئەلبوومەکەشدا چەند دیمەنێکی داپیرەمم دۆزییەوە
کە تێیاندا لە بەردەم سەربڕگەدا ماچی دەسگیرانەکەی دەکات
لە چاوەکانی داپیرەمدا دایکمم دۆزییەوە و
لە شوێنێکیش لە ناخی دایکمدا
هەشت ساڵ لە بەکارهێنانی (پڕۆزاک)٭
و دوو ساڵ مانەوە لە ناو جێگام دۆزییەوە کە نەیاندەتوانی ڕووبەڕووی ڕۆژگاری ئەمڕۆ ببنەوە
لەناو جێگاکەی دایکم و
لە ژێر سەریندا، نامەگەلێکی شاراوەی خۆکوژیم دۆزییەوە
لەناو هەر نامەیەک لەو نامانەی خۆکوژی، چەند هێندە نامەی خۆشەویستیم دۆزییەوە
کە باوکم لەسەر کاغەزی برنج٭ نوسیبوونی
ناوچەوانم گرژکرد و دەستم کرد بە خوێندنەوەیان بۆ چەندین جاری لە ژمارە نەهاتوو
لە نێو هەر نامەیەکی خۆشەویستیشدا
خۆشەویستییەکی سینگ فراوانم دۆزییەوە
و لەناو ئەویشدا خۆم!
لە شوێنێکی ناخی خۆشمدا (لێخۆشبوون)ـم لە هەموو ئەوانە دۆزییەوە...
٭پڕۆزاک prozac: دەرمانێکی دژە خەمۆکییە.
٭کاغەزی برنج یان rice paper: چینێکی تەنکە پێکهاتەی سەرەکیی برنجە، بۆ هەندێک جۆری خواردنی ئاسیایی بەکاردێت..
مێگی ڕۆیەر
و: خەڵات عەلی

ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق