الجمعة، 15 ديسمبر 2023

مێژووی ئەندەلووس

 

مێژووی ئەندەلووس

 

 فەتحی ئیسلامیی ئەندەلووس (92-95کـ/711-714ز):

 

 

لە سەردەمێکدا کە سووپای موسڵمانان دەسەڵاتی خۆی لە ڕۆژهەڵات و باکوری ئەفریقادا چەسپاندبوو، وڵاتی مەغریبیش کە لە لایەن (عەقبەی کوڕی نافیع) خرابووە ژێر دەسەڵاتی موسڵمانان، تەنیا گەرووی تاریق لە ئەندەلووس (ئیسپانیا و بەشێک لە پرتوگالی ئێستا) جیای دەکردەوە کە بەشێک بوو لە سنووری دەسەڵاتی ئەوان، دوای ئەوەی موسڵمانان سەرکەوتووبوون لە بڵاوکردنەوەی ئاینەکەیان لە مەغریب، والی ئەفریقا (موسای کوڕی نەسیڕ) بیری لە دیوەکەی دیکەی گەرووی تاریق دەکردەوە بۆیە (تاریقی کوڕی زیاد)ـی ڕاسپارد کە لە کارامەیی و هێز و توانای دڵنیابوو، بە سەرکردایەتی کردنی سوپایەکی موسڵمانان بۆ گرتنی نیمچە دوورگەی ئیبیریا، دوای ئەوەی موسڵمانان پۆل پۆل لەڕێی کەشتییە بازرگانییەکان دەپەڕینەوە بۆ نیمچە دوورگەکە و لەوێ جێگیر دەبوون.

لەو کاتەشدا مەبەستی والی ئەفریقا لە گرتنی ئەو نیمچە دوورگەیە چەند خاڵێک بوو:

1. بەرفراوانترکردنی سنووری دەسەڵاتی ئیسلام و گەیاندنی بیروباوەڕی ئیسلامی بە دیوەکەی دیکەی گەروەکە.

2. پاراستنی وڵاتی مەغریب لە هێرشی (قوتییەکان) کە فەرمانڕەوایی نیمچە دوورگەکەیان دەکرد.

3. تێکچوونی بارودۆخی ناوەخۆی نیمچە دوورگەکە کە ڕێخۆشکەری سەرەکی بوو لەبەردەم موسڵمانان بۆ دەست بەسەرداگرتنی.

تاریقی کوڕی زیاد لە گەرووی تاریق پەڕیەوە (کە دوای ئەو پەڕینەوەیە ناوی ئەوی لێنرا) و لەوێدا لەگەڵ سووپای پاشای ئیسپانیا (ڕۆدریک) بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ کەوتنە جەنگێکی قوڕسەوە کە بووە هۆی کوژرانی چەندەها سەربازی هەردوو سوپا و سەرکەوتنی موسڵمانان لە داگیرکردنی نیمچە دوورگەی ئیبیریا. ناوچەکەش پێی نایە ناو سیستەمێکی نوێی حوکمڕانی.

ماوەی حوکمڕانی ئیسلام لە ئەندەلووس کە زیاتر بوو لە هەشت سەد ساڵ، بە چەندین قۆناغێکدا تێپەڕی:

 

1. سەردەمی فەرمانڕەواکان، لەساڵانی (95-138کـ):

ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی لەساڵی 95 پ.ز سوپای تاریق بن زیاد چوونە ناو خاکی نیمچە دوورگەی ئیبیریاوە و خستیانە ژێر دەسەڵاتی موسڵمانان، (عەبدولعەزیزی کوڕی موسای کوڕی نەسیڕ) وەک یەکەم کەس فەرمانڕەوایی ناوچەکەی گرتە دەست. لەو سەردەمەدا زیاتر لە بیست و دوو والی هاتنە سەر حوکم و کۆتا والیش یوسف فەهری بوو کە سەردەمی فەرمانڕەواییەکەی نۆ ساڵ و نۆ مانگ بوو.

 

2. سەردەمی عەبدولڕەحمان داخیل لە ساڵانی (138-399کـ):

لە ساڵی 132ـی پ.ز دەوڵەتی ئەمەوی کۆتایی پێهات و دەوڵەتی عەبباسی دامەزرا کە تێیدا ئەبو عەبباسی سەففاح خەلافەتی وەرگرت و دەستی کرد بە ڕاوەدوونانی ‌ئەو ئەمەوییانەی کە خۆیان لەبەر چاوان ون دەکرد و ڕایاندەکرد، لەناویاندا عەبدولرەحمانی کوڕی معاویە‌ی کوڕی هیشام مەعرووف کە بە (هەڵۆی قوڕەیش - عەبدولڕەحمان داخیل) ناسرابوو، کە توانیبوویان ڕابکات و ڕزگاری ببێت

عەبدولڕەحمان داخیل توانی پەیوەندی بەوانەوە بکات کە لە ئەندەلووس جێگیر ببوون و ئەوانیش پشتیوانییان لێکرد، ‌کاتێکیش هاتە ناو ئەندەلووس خەڵکێکی زۆر لە دەوری کۆبوونەوە، ئەویش لەگەڵ یوسف فەهریی والی ئەوکاتە کەوتە جەنگێکەوە کە بە (مەسارە) ناسراوە و بەزاندی.

لە ساڵی 138 کۆچی هەڵۆی قوڕەیش چووە ناو قوڕتوبەوە و دەسەڵاتی بەسەریدا گرت، نازناوی داخیلی وەرگرت چونکە یەکەم ئەمەوی بوو کە دەسەڵات لە ئەندەلووس وەربگرێت. لە ماوەی دەسەڵاتی ئەودا بیست و پێنج شۆڕش بەرپا بوو، بەڵام هەموویانی تێکشکاند و لە فەرمانڕەواییدا مایەوە تا لە ساڵی 172 ـی کۆچی، کۆچی دوایی کرد و هیشامی کوڕی دوای ئەو دەست بەکاربوو

 

3. سەردەمی هۆزەکان لە ساڵی (400-483کــ):

لەو سەردەمەشدا وڵاتەکە دابەشبوو بۆ چەند ناوچەیەک کە هەر یەکێکیشیان لە لایەن هۆزێکەوە فەرمانڕەوایی دەکران، بەو جۆرە:

-هۆزی عیباد ناوچەی ئیشبیلییەیان وەرگرت.

-هۆزی زەیر ناوچەی غەڕناتەیان وەرگرت.

-هۆزی جەهوور ناوچەی قوڕتوبەیان وەرگرت.

-هۆزی ئەفتەس لە ڕۆژئاوای ئەندەلووس میرنشینی بەتلیوسیان دامەزراند.

-هۆزی زولنوون لە باکوور نیشتەجێ بوون و میرنشینی تەڵتیڵەیان دامەزراند.

-هۆزی هوود ناوچەی سەرەقستەیان وەرگرت.

-هۆزی عامریش ناوچەی بەلنسیەیان وەرگرت.

 

4. سەردەمی موڕابیتەکان لە ساڵانی (483-541کـ).

5. سەردەمی موەحیدییەکان لە ساڵانی (541-635کـ).

6. سەردەمی شانشینی غەڕناتە و کۆتاییهاتنی حوکمی موسڵمانان لەو ناوچەیە لە ساڵانی (635-897کـ):

دوای ئەوەی زۆر کۆمەڵە و لایەنی جۆراوجۆر دەسەڵاتیان گرتە دەست و دژایەتی و ناکۆکی کەوتە هۆزەکان لەسەر دەسەڵات، ئیسلام لەو ناوچەیە ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر دەبوو تا هەموو ناوچەکان کەوتن و تەنیا غەڕناتە مایەوە، ئەویش ئەبوو عەبدوڵڵای فەرمانڕەوا بەبێ شەڕ غەرناتەی بۆ فیرناندۆی دووەم چۆڵ کرد و کۆتایی بە دەوڵەتی ئەندەلووس هات. بەڵام ئەو شارستانییەت و کلتوورەی لەدوای خۆی جێهێشت لە تەلارسازی و زانست و ئەدەب و زمان تا ئەمڕۆش کاریگەری بەسەر زمان و کلتووری عەرەبیدا ماوە.

کایەکانی ڕۆشنبیری لە ئەندەلووس (شیعر وەک نموونە):

ئەندەلووسییەکان پەرەیان بە شیعردا و لە هەموو بابەتەکانی (پێداهەڵدان - تەسەوف - داشۆرین - ستایشکردن - لاواندنەوە)ـدا و بە تایبەت لە لاواندنەوەی شار و فەرمانڕەواییە تێکشکاوەکان دەستێکی باڵایان هەبوو. شیعری زەجەل (جۆرێکە لە شیعری میللی) و موەشەح (وەک شیعری گۆرانی وایە بەڵام هەندێک بنەمای هەیە جیای دەکاتەوە لە شیعری گۆرانی، بە شێوەزار یان زمانی میللی دەنووسرێت)ـیان داهێنا کە لیسانەدین بن خەتیب یەکێک لە بەناوبانگترین موەشەحەکانی نوسیووە بە ناوی (جادك الغيث).

کۆمەڵێک شاعیر لە ئەندەلووس پەیدابوون و  ناویان دەرکرد، وەک: ئیبن زەیدوون - ئیب جابری ئەندەلووسی - محەمەد بن قاسم ئەلقرشی و یەحیا غەزال.

هەروەها ژنە شاعیرانی وەک: لوبنا قوڕتوبی - بوسەینە بنت موعتەمەد - زەینەب بنت ئیسحاق - مەهجە بنت تەییانی - حەفسە بنت ئەلحاج.

ئەندەلووس هەروەها چەندین زانا و کەسایەتی سودبەخشی پێشکەش بە مێژووی عەرەب کرد کە هەر یەکێکیان لە بوارێکەوە ڕۆڵی کارای خزمەتی دەکرد، وەکو:

غەزالی - خەواریزمی - ئیبن خەلدوون - جابری کوڕی حەیان - قورتوبی - ئیبن بەتووتە - ئیبن سینا - ئیبن کەسیر - ئیبن ڕوشد ... هتد.

وەرگێڕانیش یەکێک بوو لەو خاڵانەی کە ئەندەلووسی پێ جیادەکرایەوە، وەرگێڕان پردێک بوو لە نێوان عەرەب و موسڵمانە نیشتەجێیەکانی ئەندەلووس لەگەڵ ئەوانەی کە بە زمانێکی دیکە قسەیان دەکرد.

وەرگێڕان لە ئەندەلووس دوو ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕا:

یەکەم: وەرگێڕانی دەقە ئاینییەکان لە لاتینییەوە بۆ عەرەبی

دووەم: وەرگێڕانی دەقە ئاینییەکان لە عەرەبییەوە بۆ زمانی دیکە بۆ ئەوەی بۆ موسڵمان و مەسیحی وەک یەک ڕوون بێت.

هەر بۆیە ڕایمۆندۆی قەشەی تەڵتیڵە کۆمەڵێک نووسەر و وەرگێڕی کۆکردەوە و هانی دان بە وەرگێڕانی کتێبە عەرەبییەکان بۆ زمانە ڕۆژئاواییەکان کە لە مێژووی ئەدەبدا بە (قوتابخانەی وەرگێڕە تەڵتیڵەییەکان) دەناسرێت.

یەکێک لە بەناوبانگترین وەرگێڕەکان دۆمینگۆ گۆنزالێس بوو کە کتێبەکانی ئیبن سینای وەرگێڕاوە بۆ ئیسپانی. هەروەها جیراردۆ کریمۆنا ‌هەندێک لە کتێبە پزیشکی و فەلەکناسییە عەرەبییەکانی وەرگێڕا. مایکڵ سکۆتیش هەندێک لە کتێبەکانی فارابی و ئەرستۆی وەرگێڕا بۆ لاتینی. هێرمان دی دالماتیاش قورئانی وەرگێڕا بۆ ئیسپانی و ...هتد.

بەم جۆرە ئەندەلووس بە یەکێک لە شارستانییەتە زۆر جوانەکانی مێژووی عەرەب بە گشتی و ئیسلام بە تایبەتی دادەنرێت و لە دەوڵەمەندکردنی کلتووری عەرەبی بە بەرهەمە ڕۆشنبیرییەکانی ڕۆژئاوا ڕۆڵی بینی و لە نێو کوشتار و شەڕ و جەنگە هێزپڕوکێنەکانی فەتحی ئیسلامی کە ئەو کاتە دەمێک بوو دەستی بەسەر ناوچەکەدا گرتبوو سەردەمێکی ڕووناک هاتە دنیاوە و بە جوانی و زانست و ئەدەب و فەلسەفە شەڕی سەردەمەکانی پێش خۆی و دوای خۆی کرد و تا کۆتایی پارێزگاری لە مانەوەی بە شکۆمەندی و جوانییەوە کرد.

 

 

خەڵات عەلی 

سەرچاوەکان:

http://www.andalusite.ma/?p=1921

في الأدب الأندلسي – د. محمد رضوان

في تأريخ و حضارة الاسلام في الاندلس – د. عبدالعزيز سالم

العصر الاندلسي: تأريخ و حضارة الاندلس: النظم الإدارية في إسبانيا الإسلامية – ب. د. محمد حسن



ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق