الجمعة، 8 ديسمبر 2023

پوختەی "پوختەی 50 كتێبی گرنگی دەروونزانی"

 ستیڤن پینکەر دژی (بیرۆکەی پەڕەی سپی)ـی جۆن ستیوارت میل دەوەستێتەوە کە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لەوەی: "مێشکی مرۆڤ هیچ پێکهاتەیەکی بۆماوەیی نییە، دەکرێ بەهۆی کۆمەڵگا و خواستی خۆمان شێوەی پێ ببەخشرێت" کە پشتیوانی لە "ویستی ئازاد" یان ئەوەی کە "هەموو مرۆڤ یەکسانن، دەتوانن دواجار بگەنە هەمان دەرئەنجام" دەکات.

پینکەر دژی جۆن ب. واتسۆنیش دەوەستێتەوە کە لە کتێبی ڕەفتارناسی-Behaviorism دەڵێت گوایە ئەگەر بێت و دەرزەنێک منداڵی ساوای بخەنە بەردەست، دەتوانێت چۆنی بوێت ئاوا شێوەیان پێ ببەخشێت. پینکەر دەڵێت: "مێشکی مرۆڤ هەرگیز ناکرێت وەک پەڕەیەکی سپی بێت، لەبەرئەوەی بە درێژایی هەزاران ساڵ بە کێبڕکێی پەرەسەندندا تێپەڕیووە".
زانایانی بواری دەمارزانی-Neuroscience لە ڕێی توێژینەوەی جیاوازەوە دەریانخست مێشکی مرۆڤ چەند ورد بەرنامەکراوە لەکاتی لەدایکبوونیاندا. بۆ نموونە:
-ئەو پیاوانەی حەزیان لە ڕەگەزی خۆیانە، بەشێکی مێشکیان (سێیەم نێوانی ناوەکی لە پێشەوەی ژێرلانک) بچووکترە لە هی کەسانی ئاسایی. کە ئەو بەشە ڕۆڵی هەیە لە درووستکردنی جیاوازی ڕەگەزەکان.
-دیواری پلەکانی ناوەوەی مێشکی ئەنشتاین گەورە بووە و شێوەیەکی سەیریشی هەبووە. ئەمەش گرنگە بۆ ژیریی شوێنی و ژیریی سەوداکاری لەگەڵ ژمارەکاندا. لە بەرامبەردا توێژینەوەکانی بواری مێشک دەریانخست ئەو کەسانەی تاوانی کوشتنیان ئەنجامداوە پلی پێشەوەی مێشکیان بچووکترە لە کەسانی ئاسایی کە بەشی بەرپرسیارە لە بڕیاردان و کۆنتڕۆڵکردنی پاڵنەرەکان.
-زۆرینەی ئەو بارانەی پێمان وابوو بەهۆی ژینگەوە دەرکەوتوون ڕەگێکی بۆماوەییان هەیە. کە شیزۆفرینیا، خەمۆکی، ئۆتیزم، دواکەوتنی گەشە، دووڕوویی و زمانگرتن لەخۆ دەگرێت. ئەو بارودۆخانە لە خێزانەکاندا هەن و ناتوانرێت ئاسایی بەهۆی هۆکاری ژینگەییەوە وەربگیرێن.
٭ ٭ ٭
لە ماوەی پێش سووڕی مانگانەدا، بەرزی ڕێژەی دەردانی هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن کە بەرپرسە لە هەستکردن بە ئاسوودەیی، دەوەستێت. کاریگەرییەکەی وەک ئەوە وایە کەسێک وازی لەو ماددەیە هێنابێت کە ئاڵوودەیە پێی. توێژەران سەرنجیان داوە لەو ماوەیەدا ڕێژەی ئەو تاوانانەی ژنان دەیکەن بەرز دەبێتەوە، یاسای سزادانی فەڕەنسی پەشۆکاویی پێش سووڕی مانگانەی خستە نێو پۆلی (شێتبوونی کاتی)ـیەوە. هەروەها چەندین پارێزەر بەکاریانهێناوە لە کاتی دادگاییکردنی ئەو ژنانەی لەو ماوەیەدا تاوانێکیان کردووە.
ئانی مۆیەر و دەیڤد جیسڵ گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی کە هۆڕمۆنی نێرینە دەبێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی، ڕۆحی ڕکابەری، خۆسەپاندن، متمانە بەخۆبوون و پشت بەخۆ بەستن؛ هەمان ئەو سیفەتانە لە هەبوونی هۆڕمۆنی مێیینەدا کەم دەبنەوە. بۆیە پیاوان لەگەڵ بەساڵدا چووندا بە سرووشت هێمن دەبنەوە، ئەوەش بەهۆی کەمبوونی ڕێژەی دەردانی تێستێسترۆن. بە پێچەوانەوە کەمبوونی هۆڕمۆنی مێیینە وادەکات سوورتر و بەهێزتر بن.
٭ ٭ ٭
هەروەها ڤ. س. ڕامچانداران دەڵێت: "ئەگەر ڕێکخستنی دەمارەکانمان یەک هەڵەی بچووکی تێدابێت، هەموو تێڕوانینمان بۆ ئەوەی چی ڕاستە و چی هەڵە دەکرێ تێکبچێت".
ئەمیگدالا و لاجانگە پل، ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە مەسەلەی هۆشیاری، بە بێ ئەمانە وامان لێدێت وەک ڕۆبۆتێک سەوداکاری بکەین و واتای ئەوە نەزانین کە دەیکەین. هەروەها ڕێڕەوی دەماریمان هەیە کە هۆکاری ئەنجامدانی شتەکانمان بۆ ڕوون دەکاتەوە.
ڕامچانداران بەشێکی کتێبی "تارماییەکانی ناو مێشک" تایبەت کرد بە پەیوەندیی نێوان هەستی بەرزی ئایینی و سەرئێشە لە لاجانگە پلدا، کاتێک ئەو بەشەی مێشک تووشی شۆکێک دەبێت کەسەکە لەپڕ شتەکان بە شێوەیەکی ڕۆحیی چڕ دەبینێت. زیان گەیشتن یان گۆڕان لەو بەشە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ واتایەکی ئێجگار زۆر بە شتەکان بدات.
ڕامچانداران داوای دەکرد پارەی زیاتر بۆ توێژینەوە لەسەر مێشک دابین بکرێت، بۆ تێرکردنی زانخوازیی ئێمە نا، بەڵکو لەبەرئەوەی مێشک ئەو شوێنەیە هەموو شتە ناشرینەکانی وەک جەنگ، توندوتیژی و تیرۆریزمی تێدا سەرهەڵدەدات.


-لە كتێبی "پوختەی 50 كتێبی گرنگی دەروونزانی"ـەوە.

هناك تعليق واحد: