الجمعة، 8 ديسمبر 2023

ژوورەكەم و من

ژوورەكەم لە من دەچێت
هەردووکمان هەڵگری ئەرشیفێکی زەبەلاحی ساڵانێکی بەهەدەرچووین
بنمیچەکەی پڕە لە چرچولۆچی،
دیوارە لە چیمەنتۆ درووستکراوەکانی بەڵگە نین بۆ توندوتوڵیی
و گڵۆپەکەشی چیتر گەنج نییە!
هەموو ئەو شتانەی لە ژوورەکەمدان، هیچ پەیوەندییەکیان بە مۆدێرنەوە نییە
تەنانەت ڕادیۆکەش ئەفسانە و هەڵیت و پەڵیتگەلێکی زۆری بە پشتیدا داوە
دەفرە تێکشکاوەکانیشی بەشی خواردن پێدان بە پشیلەیەکیش ناکەن
ژەنگ زمانێکی نەفرینلێکراوە کاتێک ژوورەکەم هۆڕمۆنی نائومێدی و بەتاڵی دەردەدات
منیش بەتەواوی وەک ئەوم وەک چۆن لەو وێنانەدا دیارە کە لە کاتی هەراوزەنادا پێکەوە چرکاندوومانن
خراپترین شتی ژوورەکەم ئەوەیە لە من دەچێت
خراپترین شتیش کە لە یادگەی مندایە ئەوەیە لە ساتێکی شێتانەدا لەگەڵ خەیاڵدانی خۆمدا خەوتووم و
ژوورێکی تاریک و ژەنگاوی لە منداڵدانیدا هاتووەتە دەرەوە..


"محەممەد ساڵح"
و: خەڵات

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق